لەسەر سزادانیان لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەکەوە، کاپتنی دەربەندیخان هاتە دەنگ
کارگێڕی دەربەندیخان مامەڵەی دووژمن کارانەیان لەگەڵ کردین

یاریگا –
لەسەر سزادانیان لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەکەوە، کاپتنی دەربەندیخان هاتە دەنگ و دەڵێت مامەڵەی دووژمن کارانەیان لەگەڵ کردووین.
دوای وەرنەگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانیان، بەشێک لە یاریزانانی دەربەندیخان بۆ یارییەکەی بەرامبەر زاخۆ گەشتیان نەکرد و یانەکە تەنها بە 12 یاریزان گەشتیان کرد و 5 _ 0 بە زاخۆ دۆڕان، دەستەی کارگێڕی دەربەندیخان کۆبوونەوەی نا ئاسایی کرد و بڕیاریاندا بە دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانەی کەوا گەشتی زاخۆیان نەکردوە، پێنەدانی مووچەی مانگی ئاداریش بە یاریزانەکان.
هەڤاڵ محەمەد، کاپتنی دەربەندیخان دەربارەی نەچوونیان بۆ زاخۆ و بڕیارەکانی دەستەی کارگێڕی روونکردنەوەیدا، کاپتنەکەی دەربەندیخان دەڵێت نزیک دەبووینەوە لە 50 رۆژ مووچەمان وەرنەگرتبوو، داوامان کرد هیچ نەبێ بەڵێنی ئەوەمان بدەنێ چ کاتێک مووچەکەمان پێدەدەن، بەڵام کارگێڕی یانەکە ئامادەنەبوون ئەو بەڵێنەمان پێبدەن.
راهێنەری تیپەکەش بڕیاریدا ئەگەر شایستە داراییەکانمان وەرنەگرین گەشتی زاخۆ نەکەین، سەرجەم یاریزانەکانیش کۆک بووین کەوا ئەم یارییە نەکەین، شۆک بووم کاتێک راهێنەر و چەند یارێزانێک بڕیاریاندا یارییەکەی زاخۆ بکەن.
کاپتنەکەی دەربەندیخان زیاتر دەڵێت؛ پێش دەرکردنی بڕیاری سزادانمان داوامان کرد لەگەڵ سەرۆک و دەستەی کارگێڕی کۆبوونەوە بکەین، بەڵام رازی نەبوون و وەک بڵێی خۆیان ئەم دۆخەیان پێ خۆشبێت، کارگێڕی دەربەندیخان مامەڵەی دووژمن کارانەیان لەگەڵ کردین، وەکو مووچە و شایستەی دارایش من زۆرترین پارەم لە نێو یانەی دەربەندیخاندا هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە رێگر لە باس نەکردنی راستیەکان.
دەربەندیخان دوو گەڕ پێش کۆتایی هاتنی خولی نایابی کوردستان بەفەرمی و بە 16 خاڵ دابەزیە بۆ ریزی خولی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی 2026 _ 2027.



