
یاریگا –
ئاندێر هێرێیرا باس لە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش دەربارەی کارکردن لەژێر سەرپەرشتی مارسێلۆ بێلسا لە کاتی پێکەوەبوونیان لە یانەی ئاتلێتیک بلباو دەکات.
بێلسا وەکوو یەکێک لە وردترین راهێنەرەکانی تۆپی پێ ناسراوە و هێرێیرا پشتڕاستی کردەوە کە ئەوە تاوەکوو چ ئاستێک لە ژیانی رۆژانەدا رەنگ دەداتەوە. هێرێیرا لە چاوپێکەوتنێکدا لە پۆدکاستێکی یوتوب گوتی:
ئەو شتانەی هەبوو کە لە کاتی سەرخەو شکاندن پەیوەندی پێوە دەکردیت و دەیگوت: “وەرە بۆ ئێرە، بیرم لە شتێک کردووەتەوە چونکە بەرگریکاری باڵی چەپی تیمی بەرامبەر ئەمە دەکات”. ئەو کەسێکی شێتە. زۆر ئازاری دەچەشت ئەگەر زۆرترین زانیاریی لەسەر تیمی رکابەر نەبووایە. بە راستی کێشەی لەگەڵ ئەوەدا هەبوو. ئێمە دەمان گوت ئەو پێویستی بەوەیە هەموو شتێک بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵیدا بێت. وەکوو یاریزان، ئێمە قبووڵمان کردبوو چونکە زانیارییەکی زۆری پێداین.
لەگەڵ ئەوەشدا هێرێرا ئاماژەی بە سنوورداریی ئەم شێوازە کرد گوتی:
لە تۆپی پێدا شتانێک هەن کە ناتوانیت کۆنترۆڵیان بکەیت. هەندێک جار تیمی رکابەر پێش یارییەکە سیستمەکەی دەگۆڕێت و بێلسا بە راستی ئازاری دەچەشت. کاتێکی سەختی بەڕێدەکرد و بە خێرایی لە ژووری خۆگۆڕین کۆی دەکردینەوە. کاتێک هەموو شتێک بە باشترین شێوە کە دەکرێت پلانی بۆ دانراوە، پێویست ناکات زیاد لە پێویست کاردانەوەت هەبێت، بەڵام راستە کە مارسێلۆ لەگەڵ ئەمەدا کێشەی هەبوو.



