لە بێرنابیۆ چی دەگوزەرێت؟ شۆڕشە کارگێڕییەکەی پێرێز لەبەردەم مەترسی هەرەسهێناندایە
فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت شێوازی خاوەندارێتی یانەکە بگۆڕێت

یاریگا –
لە تشرینی دووەمی رابردووەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز بەڵێنی گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ریال مەدرید دا، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە، ئەم دواکەوتنەش نیشانەی بوونی کێشەی قووڵە لە لووتکەی دەسەڵاتی یانەی شاهانە.
بڕیار وابوو لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییەدا ریفراندۆمێک بکرێت تاوەکوو ئەندامانی خاوەن مافی دەنگدان رای خۆیان لەسەر ئەم گۆڕانکارییە بدەن. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە کۆبوونەوەکە لە کانوونی یەکەم یان کانوونی دووەمدا دەبێت، دواتر گوترا شووبات بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ نە کۆبوونەوە کراوە و نە ریفراندۆم.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لە لێواری گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە، بەڵام قەیرانی ئەنجامەکان و ململانێی ناوخۆیی پڕۆژەکەیان پەکخستووە.
🤔 ¿Qué pasa con el cambio de modelo de club del Real Madrid?
✍ @manelbru https://t.co/cWaWInhIDJ
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) April 13, 2026
پلانەکەی پێرێز چییە؟
پێرێز دەیەوێت شێوازی خاوەندارێتی یانەکە بگۆڕێت و کۆمپانیایەکی پاشکۆ (لاوەکی) دروستبکات کە لە %5ـی پشکەکانی بدرێتە وەبەرهێنەرێکی بیانی، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بەهای دارایی یانەکە و پاراستنی لەوەی نەکەوێتە دەستی کەسانێک کە زیان بە مێژووەکەی بگەیەنن، واتا هەر ئەندامانی یانەکە خاوەنی بن.
بۆچی پلانەکە وەستاوە؟
هۆکارەکانی ئەم سستبوون و خاوبوونەوەیە نادیارن، یان لانیکەم وا دەردەکەوێت، چونکە لە ناو یانەکەدا هیچ کەسێک زانیاری نادات بە دەستەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆندۆ، پشێوییەک لە ناو ئەنجومەنی کارگێڕییدا هەیە؛ هەندێک لە بەڕێوەبەرەکان بە راشکاوی دژی ئەم هەنگاوەن. لە لایەکی دیکەوە، ئەنجامی راپرسییە نهێنییەکانی ناو یانەکە پێشانی دەدەن کە هاندەر و ئەندامان لەم گۆڕانکارییە ناڕازین. بوونی ناڕەزیی هاندەران لە ناو یاریگا و داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی پێرێز بەهۆی ئاستی خراپی تیپەکەوە، بارودۆخەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە و رەنگە لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم، پێرێز بدۆڕێت.
ململانێ ناوخۆییەکان
تەقینەوەی کێشەکان تەنیا لە یاریگا نییە، بەڵکوو لە ئۆفیسەکانی یانەکەش ململانێیەکی توند لە نێوان خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری گشتیی یانەکە و ئەنەس لەغراری، راوێژکاری نزیکی پێرێز هەیە.
ئەنەس لەغراری، کە سەرمایەگوزارێکی فەرەنسییە و بە رەچەڵەک مەغریبییە، لە راستیدا، وا دادەنرێت کە ئەو لە پشت بیرۆکەی سوپەرلیگ و گۆڕینی شێوازی یانەکەوە بێت، جگە لەوەی لە پڕۆسەی دابینکردنی بودجەی بێرنابیۆی نوێشدا راوێژکاری یانەکە بووە.
لەغراری بووەتە جێگەی تووڕەیی بەشێک لە مەدریدییەکان، چونکە پێشتر لە هەندێک پڕۆسەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی دارایی ناسەقامگیری یانەی بارسێلۆنا، راوێژی بە یانە کاتالوونییەکەش داوە.
ئەم پیاوە مەغریبییە لە هەندێک کۆڕ و کۆبوونەوەدا وەکوو بەربژێرێکی داهاتوو بۆ سەرۆکایەتی ریال مەدرید ناوی دەهێنرێت. بەڵام، ئەو مەرجانەی تێدا نییە کە خودی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ خۆبەربژێرکردن دایناون؛ کە یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت ئیسپانی بێت.
یارییەکەی بایرن؛ بڕیاردەری کۆتایی
هەموو شتێک لە مەدرید بە یارییەکەی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بایرن میونشنەوە بەستراوەتەوە؛ ئەگەر ریال مەدرید ماڵئاوایی بکات و وەرزەکە بێ نازناو کۆتایی پێ بهێنێت، ئەوا قەیرانە کارگێڕییەکان دەتەقنەوە و پێرێز ناچار دەبێت پێداچوونەوەی تەواو بە پلانەکانیدا بکاتەوە.



