
یاریگا –
فێران تۆرێس بە متمانەیەکی تەواوەوە بەرەو رووبەڕووبوونەوە چارەنووسازەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا دوو گۆڵی بەرامبەر ئیسپانیۆل کرد.
هێرشبەرەکە کە لە مانگی یەکەوە گۆڵی تۆمار نەکردبوو، لە یاریی دێربی لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو هەستی گۆڵکردنی دۆزییەوە و دوو گۆڵی لە سەرکەوتنەکەی بارسا بە ئەنجامی 4-1 کرد. ئەو گۆڵانە نەوەکوو تەنیا متمانەیان پێبەخشی و پێگەی خۆی وەکوو یاریزانی ژمارە 9ـی تیمەکە بەهێزتر کرد، بەڵکوو لە نێو لیستی تۆپ 50ـی گۆڵکارانی مێژووی یانەکەدا پێگەیەکیان بۆ مسۆگەر کرد.
بەو دوو گۆڵە فێران گەیشتە 61 گۆڵ بە درێسی بارسێلۆنا و بەمەش پێش ئەفسانەی یانەکە، یۆهان کرۆیف کەوت، کە لە سەردەمی یارییکردنیدا 60 گۆڵی کردبوو. فێران لە 201 یارییدا گەیشتە ئەم ژمارەیە، لە کاتێکدا کرۆیڤ بە 180 یارییدا ئەوە ژمارە گۆڵەی کردبوو.
هەروەها فێران چەندین ناوی دیکەی مێژوویی وەک خۆسێ براڤۆ، مارتی ڤانتۆڵرا و مارسیال پینای تێپەڕاند. ئێستا تۆرێس ئامانجی نوێی لە ریزبەندییەکە لەپێشە، لەوانەش ڤیسێنچ پیێرا، چوس پێرێدا و ساگی باربا. بە بەرزبوونەوەی متمانە و گەڕانەوەی بۆ سەر ئاستی جاران، فێران پێداگرە لەسەر بەردەوامبوون لە گۆڵکردن و بینینی رۆڵێکی گرنگ لە کاتێکدا بارسا لە ئەوروپا بەدوای ریمۆنتادا دەگەڕێت.



