دوایین پێشهات؛ لە ئیتاڵیا باستۆنی وەکوو یاریزانی بارسێلۆنا دەبینن
لە بارسێلۆنا نزیک دەبێتەوە

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە پلانی بۆ وەرزی داهاتوو دادەنێت، تەنانەت لە کاتێکدا هێشتا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادایە.
دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیکی راهێنەر دوو گرێبەستی لە پێشینەیان دیاری کردووە؛ هێرشبەرێک و دڵێکی بەرگری کە بە قاچی چەپ یاری بکات. ئامانجە سەرەکییەکانیش خولیان ئالڤارێز و ئالیساندرۆ باستۆنین. پەیوەندییە سەرەتاییەکان بۆ گواستنەوەی باستۆنی دەستیان پێکردوو، و لە ئیتاڵیا بەتایبەتی، بەگوێرەی راپۆرتێکی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت، پێیان وایە گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە ئینتەر میلانەوە بۆ بارسێلۆنا تەنیا بابەتی کاتە. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆنا و نوێنەرانی یاریزانەکە لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە.
باستۆنی لە لایەن فلیکەوە بەهایەکی گەورەی هەیە و دەگوترێت یاریزانەکە بڕیاریداوە هەموو گفتوگۆکانی داهاتووی دوابخات تاوەکوو ئەو کاتەی ئینتەر نازناوی سێریا ئەی مسۆگەر دەکات. تیمەکەی کریستیان چیڤۆ ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدان لە پێش یانەی ناپۆلییەوە دێن.
سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا لە ئیتاڵیا رەخنەی لێگیرا دوای سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ مۆندیال، دەگوترێت باستۆنی ئامادەیە بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ و رۆیشتن بۆ خولێکی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا، دانوستان لەنێوان یانەکاندا ئاسان نابێت، ئینتەر نرخەکەی بە نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنێت، لە کاتێکدا بەرشەلۆنە نایەوێت ئەو بڕە پارە زۆرە بدات. ئارەزووی یاریزانەکە بۆ پەیوەندیکردن بە یانە کاتالوونییەکەوە دەکرێت ببێتە کلیل و چارەسەری کێشەکە.

لە ئیتاڵیا بڕوایەکی بەهێز هەیە کە گرێبەستەکە ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی ئەگەر بارسێلۆنا لەم هاوینەدا بگاتە یاسای 1:1ـی یاریی خاوێنی دارایی لالیگا. چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوە بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو، داهاتی یانەکە بۆ زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ بەرز بکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەکە یارمەتیدەر دەبێت.
بۆ هاوسەنگکردنی بارودۆخی دارایی، رەنگە بەرشەلۆنە ناچار بێت دەستبەرداری یاریزانێکی خاوەن مووچەی بەرز ببێت، کە ناوی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی وەکوو یەکێک لە بژاردەکانی رۆیشتن هێنراوە دوای ئەوەی ناوی بە یانە رکابەرەکانی ئینتەرەوە بەستراوەتەوە.
لە هەمان کاتدا ئینتەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ژیانی دوای باستۆنی ئامادە دەکات. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ گواستنەوەی تاریق موهارێمۆڤیچ لە یانەی ساسولۆوە وەکوو جێگرەوەی باستۆنی.
هەموو ئاماژەکان لە ئیتاڵیاوە ئەوە دەردەخەن کە باستۆنی رۆژ لە دوای رۆژ لەوە نزیک دەبێتەوە ببێتە یاریزانی بارسێلۆنا.



