زانیاری نوێ؛ هەڵوێستی كۆرتوا دەربارەی بەشداریكردن لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ
تیبۆ كۆرتوا كێبڕكێ لەگەڵ كاتدا دەكات

یاریگا –
تیبۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکات بۆ ئەوەی بگاتە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
هەفتەی رابردوو ریال مەدرید لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداری بایرن میونشنی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتاییهات، لە میانی یاریی چوونی قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
کۆرتوا بەهۆی ئەو پێکانەی کە لە 17ی مانگی رابردوو لە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی شازدەی خولەکەدا تووشی بوو، لە پێکهاتەی ریال مەدرید دوورکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی تۆری ئاتلێتیک، کۆرتوا دەیەوێت بەشداری لە یارییەکەی بایرن میونشن بکات و هەوڵ دەدات بەسەر ئەو پێکانە ماسولکەییەدا زاڵ بێت کە لە یارییەکەی مانچێستەر سیتیدا تووشی ببوو.
کۆرتوا لە چوار یاریی کۆتایی ریال مەدرید بێبەش بووە، کە تێیدا تیمەکە تەنیا لە یەک یاری بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هەواڵی گەڕانەوەی کۆرتوا پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر، کە پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە بە بڕوای ئەو کۆرتوا باشترین گۆڵپارێزە لە مێژووی ریال مەدریددا.
تاوەكوو ئێستا ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی دەربارەی توانای گۆڵپارێزەکەی بۆ بەشداریکردن لە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشن نەداوە.
چاوەڕوان دەكرێت چوارشەممەی داهاتوو بایرن میونشن لە یاریگای ئالیانز ئارێنا میوانداری ریال مەدرید بكات، لە میانی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.



