
یاریگا –
ئالیخاندرۆ گارناچۆ،هێرشبەری یانەی چێڵسی، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا بە راشکاوی باسی لەو ساتە سەختانە کرد کە بوونە هۆی رۆیشتنی لە مانچستەر یونایتد و دانی بەوەدا نا کە جێهێشتنی شەیتانە سوورەکان زۆر ئازاربەخش بووە.
تەقینەوەی کێشەکان لەگەڵ ئامۆریم
گارناچۆ کە هاوینی رابردوو بە بڕی 40 ملیۆن پاوەند رووی لە ستامفۆرد بریج کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ روبن ئامۆریمی راهێنەر گەیشتبووە بنبەست. هەموو شتێک لە دوای یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر تۆتنهام دەستیپێکرد، کاتێک گارناچۆ بە ئاشکرا تووڕەیی خۆی پێشاندا کە درەنگ خراوەتە یاریگاوە. کار گەیشتە ئەوەی ئامۆریم لەبەردەم هەموو یاریزانەکاندا پێی گوتبوو کە دەبێت یانەکە جێبهێڵێت.
یەکێک لەو کارانەی کە هاندەرانی مانچێستەری زۆر تووڕەکرد، بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی گارناچۆ بوو بە درێسی ئاستۆن ڤێلا کە ناوی مارکوس راشفۆردی لەسەر بوو کە ئەویش کێشەی لەگەڵ ئامۆریم هەبوو.
گارناچۆ ئێستا دەڵێت؛
لەوانەیە پەشیمان بم، چونکە من ئەو یانەیەم خۆشدەویست. ئەوان متمانەیان پێبەخشیم و لە ئەکادیمیاوە هێنایانمە تیپی یەکەم.
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە راشکاوانە ئەوەشی گوت؛
لە شەش مانگی کۆتاییدا وەکوو پێشتر یارییم نەدەکرد و لەسەر کورسی یەدەک بووم. لە مێشکمدا وابوو کە دەبێت هەموو یارییەک بکەم، هەر بۆیە دەستمکرد بە هەندێک کاری خراپ. بەڵام ئەوە قۆناخێکی ژیان بوو و تێپەڕی.



