بۆمبی مێرکاتۆ؛ لیڤاندۆڤسکی بارسێلۆنا جێدەهێڵێت و خۆی پێشکەشی یانەیەکی ئیتاڵی دەکات
سوپرایزی گەورە؛ لیڤا بەرەو خولی ئیتاڵی بەڕێوەیە

یاریگا –
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، گۆڵکاری پۆڵەندی و ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی پێشاندەدات.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت ئاشکرای دەکات، لیڤاندۆڤسکی خۆی پێشکەشی ئەیسی میلان کردووە و دەیەوێت وێستگەی داهاتووی ژیانی وەرزشیی لە سان سیرۆ بێت.
گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ئەمساڵ بەسەردەچێت، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ میلان تاوەکوو یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکان بەخۆڕایی بگوازێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، بریکارەکانی یاریزانەکە بۆ دۆزینەوەی یانەیەکی گەورە لە شارێکی ناوداری ئەوروپا، دەستیان بە کار کردووە و میلان وەکوو ئامانجی یەکەم دەستنیشانکراوە.

میلان لەم وەرزە بەدەست بێهێزیی هێڵی هێرشبەرییەوە دەناڵێنێت. لیڤاندۆڤسکی سەرەڕای تەمەنی، تەنیا لەم وەرزەی خولدا 12 گۆڵی کردووە، ئەم ژمارەیە لە هەموو هێرشبەرانی ئێستای میلان زیاترە، بەجۆرێک؛ رافایێل لیاو تەنیا 9 گۆڵی کردووە، کریستیان پولیسیچیش 8 گۆڵی کردووە و لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە رێی گۆڵی ونکردووە.
سەرچاوە ئیتاڵییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنیا میلان نییە کە چاوی لە ئەستێرە پۆڵەندییەکەیە، بەڵکوو یوڤێنتوسیش ماوەیەکی زۆرە بایەخ بە گواستنەوەی دەدات.
سەرەڕای ئەوەی مووچەکەی لیڤاندۆڤسکی بەرزە، بەڵام کارگێڕی میلان خەریکی لێکدانەوەی وردی دارایی و ژمارەکانن، چونکە هێنانی یاریزانێکی خاوەن ئەزموونی وەکوو لیڤا کە سێیەم گۆڵکاری مێژوویی چامپیۆنزلیگە، دەتوانێت کێشەی هێڵی پێشەوەیان بە یەکجاری چارەسەر بکات.



