دەبێتە یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو؛ فلیک بەرگریی لە یامال دەکات
بەرپرسیارییەتی زۆری لەسەر شانە

یاریگا –
هانزی فلیک دوای شکستەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لەبارەی تووڕەبوونی لامین یامال روونکردەوە دەدات.
لامین یامال چەند جارێک کاردانەوەی بەرامبەر لێدانە توندەکان هەبوو و بەردەوام هاواری بۆ ناوبژیوان دەکرد. فلیک ئاماژەی بەوە کرد رەفتاری یامال بەهۆی رۆحییەتی رکابەرییەتییەکەیەتی، نەوەکوو کەمی لە ئاستی پیشەگەریی یاریزانەکە. هەروەها باسی لەوەش کرد کە چەندێک بەرپرسیارییەتی گەورە لە ئێستاوە لەسەر شانی لاوەکەیە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە باسی لەوە کرد کە تووڕەبوونەکەی یامال کاردانەوەیەکی سرووشتییە بۆ توندی و یارییە پڕ توانا جەستەییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، سووربوو لەسەر ئەوەی سەرەڕای ئەنجامە بێهیواکەرەکە، تێکڕای بەشدارییکردنی یاریزانەکە یەکێک بووە لەو خاڵە درەوشاوانەی بارسێلۆنا کە زۆر پێی گەشبین بووە.
هانزی فلیک دەڵێت:
لامین نیگەران بوو، بەڵام لە سەرەتای یارییەکەوە لە بەرگری و هێرشبردندا سەرسوڕهێنەر بووە. ئەو تەمەنی 18 ساڵە و کارێکی مەزن دەکات، ئێمە دەبێت یارمەتی بدەین. بۆ وڵاتەکەی ئێوە، ئەو دەبێتە یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو. ناوبژیوانان دەبێت پارێزگاری لە یاریزانانی وەکوو ئەو، ڤینیسیۆس، پێدری بکەن.



