
یاریگا –
هەڵبژاردەی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەستپێبکات، دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر هەریەکە لە ئیسپانیا و پۆرتوگال دهكات.
غالیب زاملی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، به میدیا عێڕاقیهكانی راگەیاندووە کە فیدراسیۆن رێککەوتنی لەگەڵ دوو یەکێتی ئەوروپایی کردووە بۆ ئهوهی دوو یاریی دۆستانە پێش مۆندیال بكات.
ئاشکراشیکرد هەڵبژاردەی عێراق پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی داهاتوو، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.
زاملی گوتیشی؛
ئەم یارییە لە چوارچێوەی ئامادەکاریی هەردوو تیپەکە دێت بۆ پاڵەوانێتییەکە،
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە کۆمەڵەی هەشتەمدا لەگەڵ هەریەکە لە (كهیپ ڤێردی، سعودیە و ئۆرۆگوای) یاری دەکات و ئارەزووی ئیسپانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عێراق، بەهۆی نزیکیی ئاستی هەڵبژاردەی عێراقە لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە.
هەروەها روونیکردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت شێرەکانی رافیدەین لە هەمان کەمپی مەشقیدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال ببنەوە.
پۆرتوگال لە کۆمەڵەی یازدەهەمدایە کە (ئۆزبەکستان، کۆڵۆمبیا و کۆنگۆی دیموکرات) لەخۆدەگرێت، هەڵبژاردنی عێراقیش بەهۆی نزیکیی شێوازی یارییەکەی بووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان.
ئەم دوو یارییە دەرفەتێکی گەورە دەبن بۆ هەڵبژاردەی عێراق تاوەکو پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە تواناکانی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردە بەهێزەکانی ئەوروپا تاقیبکاتەوە.
عێراق لە مۆندیالی 2026 کە لە 11ـی حوزەیران لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەستپێدەکات، لە کۆمەڵەی نۆیەمدا یاری دەکات لەگەڵ هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی (فەرەنسا، نەرویج و سێنیگال).



