
یاریگا –
کێڤن دی برۆین، دوور لە شاری مانچێستەر، قۆناخێکی نوێی ژیانی وەرزشی دەستپێکردووە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت چەند تەوەر و بابەتێک دەخاتەڕوو.
یاریزانە بەلجیکییەکە ماڵئاوایی لە یانەی مانچێستەر سیتی کرد و ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی ناپۆلی لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە و دڵخۆشی خۆی لەگەڵ یانە نوێیەکەی دەردەبڕێت.
ژیانی نوێ لە ناپۆلی و بیرکردنەوە لە داهاتوو
هێشتا گرێبەستم هەیە و لە ناپۆلی زۆر دڵخۆشم، بۆ چێژوەرگرتن لە ساتەکان هەوڵدەدەم. پێم وایە چەند ساڵێکی دیکەش دەتوانم یاری بکەم، و کاتێک جەستەم پێم دەڵێت بوەستە، ئەو کاتە وازدەهێنم، بەڵام بۆ ئێستا هەستێکی باشم هەیە.
لەدەستدانی سۆز بۆ تۆپی پێ
کاتێک لێی پرسیرا کە ئایا وەک جاران تۆپی پێی خۆش دەوێت، دی برۆین بە راشکاوی وەڵامی دایەوە؛
نەخێر، وابزانم نەخێر. بەڵام پێم وایە دوای 30 ساڵ، ئەمە شتێکی ئاساییە. هەندێک جار تۆ کەمێک ئارەزوو لەدەستدەدەیت، وەکوو هەر کارێکی دیکە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناپۆلی
دەمویست لە ئاستێکی بەرزدا بمێنمەوە و لە ناپۆلی ئەو هەلە بوونی هەبوو. ئێرە لە ئینگلتەرا جیاوازە، لە رووی بیرکردنەوە و کەشوهەواوە، گۆڕانکارییەکە دوای دە ساڵ لە مانچێستەر ئاسان نەبوو، بەڵام ئێستا خۆمان گونجاندووە و ئێمە ‘خێزانەکەمان’ هەموومان دڵخۆشین.
رووبەڕووبوونەوەی مۆدریچ لە خولی ئیتاڵی
بڕیارە رۆژی دووشەممە، یانەی ناپۆلی میوانداریی ئەیسی میلان بکات کە ئێستا لۆکا مۆدریچ یاریی بۆ دەکات. دی برۆین ئاستی ئەستێرە کرواتییەکەی زۆر بەرز نرخاند؛
مۆدریچ یاریزانێکی مەزنە! من زۆر باش دەیناسم. بەلای منەوە، یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی 20 ساڵی رابردوو. لانیکەم 20 جار رووبەڕووی بوومەتەوە، چ لەگەڵ کرواتیا و چ لەگەڵ ریال مەدرید.



