پێش یارییەکەی بارسێلۆنا؛ ڤایرۆسی فیفا و سزاکانی دێربیی مەدرید کێشە بۆ دیێگۆ سیمیۆنی دروستدەکەن
ئاتلێتیکۆ مەدرید رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێتەوە

یاریگا –
دیێگۆ سیمۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، رووبەڕووی مانگێکی سەخت دەبێتەوە و یانەکە لە یەک کاتدا چاوی لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگە.
رۆژنامەی مۆندۆدێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی پێکان و سزادان بووەتەوە، ئەوەش بەر یارییەکەی بارسێلۆنا لە خولی ئیسپانی، دۆخی یانەکەی ئاڵۆزکردووە.

چەندین یاریزانی سەرەکی هێشتا بۆ رکابەرییەکی بەهێز ئامادەنین. پابلۆ باریۆس و مارک پووبیڵ لە کۆتا قۆناخی چاکبوونەوەدان و ئەستەمە بتوانن 90 خولەک یاری بکەن. هەروەها دۆخی یان ئۆبلاکی گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکە هێشتا ناروونە. هەرچەندە درەوشانەوەی خوان موسۆ لە یارییەکانی رابردوودا تاوەکوو رادەیەک دڵی سیمۆنی خۆش کردووە.
پێکانی ئەلێکساندەر سۆرلۆس زۆرترین نیگەرانیی لای سیمۆنی دروستکردووە. هێرشبەرە نەرویجییەکە لە یارییەکی دۆستانەی نەرویج بەرامبەر سویسرا لێدانێکی توند بەر سەری کەوت، پزیشکەکان بە تەقەڵ برینەکەیان بۆ دوورییەوە. هەرچەندە پشکنینەکان شکاوییان دەرنەخستووە، بەڵام بەشداریکردنی بەرامبەر بارسێلۆنا لە گومانێکی گەورەدایە.
یاریزانە لاتینییەکانی یانەکە وەک خولیان ئالڤارێز و مۆلینا بە ماندوێتییەکی زۆرەوە لە گەشتە نێودەوڵەتییەکان گەڕاونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، یاریی دێربیی بەرامبەر ریال مەدرید دوو قوربانیی لێکەوتەوە. مارکۆس یۆریێنتی و جۆنی کاردۆسۆ بەهۆی کەڵەکەبوونی پێنج کارتی زەرد، ناتوانن لە یارییەکەی بارسێلۆنادا بەشدار بن.



