ئه‌مریکاعێراقکوردستانگرنگترینمۆندیالی 2026

مێرخاس دۆسکی و ئەیمار شێر بێدەنگییان شکاند و په‌یامیان هه‌یه‌

90 خولەک پاڵپشتمان بن و پێکەوە خەونی مۆندیال دەکەینە راستی

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی یارییە مێژووییەکەی نێوان عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک، دوو لە ئەستێرەی كورد و  دیاری هێڵی بەرگری و ناوەندی شێرەکانی ڕافیدەین، مێرخاس دۆسکی و ئەیمار شێر، پەیامێکی پڕ لە دڵنیایی و جۆش و خرۆشیان ئاراستەی هانده‌رانی وەرزشیی عێراق و جیهان کرد.

هەردوو یاریزان جەختیان لەوە کردەوە کە تیپەکە لە لوتکەی ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی خەونی چەندین ساڵەی عێراقییەکان بکەنە راستی.

مێرخاس دۆسکی: “تاکتیکی زۆرمان تاقیکردووەتەوە و هاندەران وزەی ئێمەن”

مێرخاس دۆسکی، بەرگریکاری هەڵبژاردەکە، باس لەوە دەکات کە ستافی تەکنیکی هەموو رێگەیەکیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بۆ هەموو ئەگەرەکانی یارییەکە ئامادە بن.

مێرخاس گوتی،

“پێم وایە لە دۆخێکی زۆر باشداین، تاکتیکی زۆرمان تاقیکردووەتەوە و تەواو ئامادەین بۆ ئەم یارییە.”

ئەم یاریزانە ستایشی پاڵپشتی بێوێنەی عێراقییەکانی کرد  گوتی،

“عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکن، ئێمە پێزانینی تەواومان بۆ ئەو خۆشەویستییە هەیە و بە پەرۆشین بۆ بینینیان لە ناو یاریگا. پێویستمان بە پاڵپشتی تەواوی 90 خولەکەکە هەیە بۆ ئەوەی بە ویستی خوا پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕین.

هەروەها مێرخاس باسی لە میوانداریی مەکسیکییەکانیش کرد و رایگەیاند کە خەڵکەکە و شوێنی مانەوەیان زۆر نایاب بوون و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر دەروونی یاریزانەکان هەبووە.

ئەیمار شێر:  ئێستا نۆرەی پاداشتە

لە لایەکی ترەوە، ئەیمار شێر بە پەرۆشەوە باسی لە گرنگی ئەم وێستگەیە کرد و رایگەیاند،

“ئێمە زۆر ئارامین بەڵام زۆر بە جۆشین، دەزانین ئەم یارییە بۆ وڵاتەکەمان چەند گرنگە، پێویست ناکات هیچ کەسێک پێمان بڵێت مەترسییەکە چییە، چونکە هەموومان دەزانین چەند ساڵە خەڵکەکەمان چاوەڕێی ئەم ساتەن.”

ئەیمار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە یاریزانان وەڵامی وەفای هاندەران بدەنەوە،

“هاندەران لە تەواوی جیهان مەزن بوونە، ئێستا نۆرەی ئێمەیە پاداشتیان بدەینەوە، ناتوانم روونیبکەمەوە ئەو پاڵپشتییەی خەڵک لە هەموو شوێنێک دەیکەن، چەندێک وزەمان پێدەدات.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەیمار بەڵێنی جەنگانێکی بێوێنەی دا و گوتی،

“دڵنیاییتان دەدەم، هەرگیز هێندە ئامادە نەبووین، لە ناخی هەمووماندا دەتوانن ئەمە ببینن و کە یارییەکە دەستیپێکرد، بە چاوی خۆتان دەیبینن.”

پەیامێکی هاوبەش بۆ هانده‌رانی عێراپ

هەردوو یاریزان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە تێکەڵبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان و پاڵپشتی دەروونیی هاندەران، دەبێتە کلیلی بردنەوەی ئەم یارییە چارەنووسسازە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر  مۆنتێری مەکسیکە، تاوەکو شێرەکانی رافیدەین لە ناو یاریگادا راستیی ئەم ئامادەییە بێوێنەیەی مێرخاس و ئەیمار بسەلمێنن.

بابەتی زیاتر

Back to top button