لە ماڵی یاریزانەکانەوە دەستپێدەکات؛ پلانی توخێل بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا تاقەتپڕوکێنەکەی مۆندیال
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا خۆی بۆ گەرما و شێی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئامادە دەکات

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا بیرۆکەیەکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەشوهەوا سەخت و گەرمەی لە مۆندیالی 2026 چاوەڕێیان دەکات، بەکاردەهێنێت.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵایکردووەتەوە، ستافەکەی تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، یارمەتیی یاریزانەکانیان داوە، تاوەکوو ‘ژووری ئۆکسجینی پەستانی بەرز’ و ‘ساونای تیشکی سوور’ لە ماڵەکانیاندا دابمەزرێنن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ئامادەسازییەکان بۆ راهاتن و بەرگەگرتنی کەشە گەرم و شێدارەکەی وڵاتانی میوانداری مۆندیال.
🔥 Players have already started preparing for the heat
🫁 Oxygen chambers and saunas installed in homes
⚠️ Temperatures at stadiums could exceed “potentially dangerous levels”@mcgrathmike looks inside how England are preparing for the extreme heat ⬇️https://t.co/Jl8caoGbeQ pic.twitter.com/OlIO876f8B— Telegraph Football (@TeleFootball) March 31, 2026
بیرۆکەکە لە کوێوە هات؟
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەم بڕیارە دوای کەمپی کۆتایی ساڵی رابردووی ئینگلتەرا هات لە شاری جیرۆنای ئیسپانیا. لەوێ یاریزانەکان لەناو خێمەی گەرمکراودا لەسەر پاسکیل مەشقیان دەکرد، تاوەکوو جەستەیان لەسەر گەرما و شێیی بەرزی وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک رابێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، ستافی یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا سەرپەرشتی و هەماهەنگیی پرۆسەی دانانی ئەم ئامێرە پێشکەوتووانەیان لە ماڵی یاریزانەکان کردووە، بەڵام یاریزانەکان خۆیان تێچووی کڕینی ئامێرەکانیان لەئەستۆگرتووە.
چۆن کار دەکات؟
ژووری ئۆکسجینی پەستانی بەرز، بڕێکی زیاتر لە ئۆکسجین دەگەیەنێتە ماسولکەکان کە خێرایی چاکبوونەوەی جەستە زیاد دەکات. ئەمە جیاوازە لەو ‘ژوورە کەم ئۆکسجینەی’ کە ئێرلینگ هالاند لە مەشقەکانی مانچێستەر سیتیدا بۆ دروستکردنی کەشی ناوچە شاخاوییەکان بەکاریدەهێنێت .
مەترسییەکانی مۆندیال و خشتەی ئینگلتەرا
پێشبینی دەکرێت ئینگلتەرا لە گەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان (کۆمەڵەی L) بکات؛ کرواتیا لە شاری داڵاس، گانا لە شاری بۆستن و پەنەما لە ویلایەتی نیوجێرسی.
هەروەها بنکەی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەکە لە ویلایەتی کانزاس دەبێت، کە بە هەمان شێوە گەرمایەکی زۆری هەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش، فیفا بە فەرمی بڕیاریداوە کە لەخولەکی 22ـی هەموو یارییەکدا پشوو بۆ ئاوخواردنەوە هەبێت.
تۆماس توخێل لەم بارەیەوە هۆشداریدا و گوتی…
دەبێت بزانین چۆن جەستەی یاریزانەکان سارد دەکەینەوە. ئەگەر لەوێ ئازار نەچێژین، زۆر سەرسام دەبم. پێم وایە ‘ئازارچەشتن’ یەکێک دەبێت لە سەردێڕە سەرەکییەکانی ئەم مۆندیالە.
پێشتر هۆشداری ئەوە درابوو کە پلەی گەرمی 14 یاریگا لە کۆی 16 یاریگاکەی مۆندیال لەوانەیە بگاتە ئاستێکی مەترسیدار. لەبەر ئەم هۆکارە، ئینگلتەرا پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کەمپێک لە ویلایەتی فلۆریدا دەکاتەوە و دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر نیوزیلەندا و کۆستاریکا دەکات، تاوەکوو زیاتر لەگەڵ کەشوهەوای ئەمریکا خۆیان بگونجێنن.



