
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی هەنگاوەکانی بەرەو هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی جێبەجێکار دەستپێکرد.
ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی ژمارە 1ی دەستەی جێبەجێکار هات کە لە 2026/1/26 بەڕێوەچوو، تێیدا رەزامەندی لەسەر ئەو نەخشەڕێگەیە درا کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پیی جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پیی ئاسیاوە پێشنیاز کرابوو.
بەپێی ئەم پلانە، له 2026/5/23 وەک کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمەڵەی گشتی لە بەغدا دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ خولی 2026تاوهكو 2029.
کاتی پێشکەشکردنی داواکاریی خۆپاڵاوتن
لیژنەی هەڵبژاردنەکان دەرگای خۆپاڵاوتنی لە 2026/3/29 کردەوە و ئەم پرۆسەیە تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی له 2026/4/8 بەردەوام دەبێت.
بهربژێرهكان دەبێت داواکارییەکانیان بە دەست رادەستی سکرتاریەتی گشتیی فیدراسیۆن بکەن، پرۆسەکە لە رۆژانی پشوو و هەینیشدا بەردەوام دەبێت.
مەرجە سەرەکییەکان بۆ بهربژێربوون
بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت خۆی بۆ پۆستەکانی فیدراسیۆن بپاڵێوێت، دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
- هەڵگری وڵاتنامهی عێراقی بێت و خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی بێت (بە پەسەندکراوی).
- هیچ حوکمێکی تاوان یان کەتنی لەسەر نەبێت کە پەیوەست بێت بە لایهنی ئهخلاقی.
- بەڵگەی هەبێت کە لایەنی کەم 5 ساڵ ئەزموونی کاری لە بواری تۆپی پێدا هەیە.
- پێویستە فۆرمی پشکنینی دەسپاکی واژۆ بکات و لەلایەن لێژنەی تهمبێكاری له فیفا یان ئاسیاوە هیچ سزایەکی لەسەر نەبێت.
سیستەمی پاڵپشتی
بهربژێرهكان پێویستیان بە نامەی پاڵپشتی لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەی گشتییەوە هەیە بەم شێوەیە:
- بۆ پۆستی سەرۆک: لایەنی کەم نامەی پاڵپشتیی 5 ئەندام.
- بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆک: نامەی پاڵپشتیی 3 ئەندام.
- بۆ پۆستەکانی تر: نامەی پاڵپشتیی 2 ئەندام.
هەر ئەندامێکی کۆمەڵەی گشتی تەنیا مافی هەیە یەک کەس بۆ هەر پۆستێک بهربژێر بكات، سەرۆک و ئەندامانی ئێستای فیدراسیۆن و فیدراسیۆنە لاوەکییەکان دەتوانن راستەوخۆ خۆیان بهربژێربكهن بێ ئەوەی پێویستیان بە پاڵپشتی ههبێت، بەڵام مافی دەنگدانیان لە کۆنگرەکەدا نابێت.
پۆستە دیاریکراوەکان بۆ کێبڕکێ
هەڵبژاردنەکە بۆ ئەم پۆستانەی خوارەوە دەبێت:
- یەک پۆست بۆ سەرۆک.
- پۆستی جێگری یەکەم و جێگری دووەم.
- یەک پۆست بۆ ئەندامی ئافرهت.
- 9 پۆست بۆ ئەندامانی دەستەی جێبەجێکار.
خشتەی کاتی پرۆسەکە
- 2026/3/29 تاوهكو 2026/4/8: ماوەی پێشکەشکردنی داواکاریی خۆپاڵاوتن.
- 2026/4/9 تاوهكو 2026/4/18: لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکان و ئاگادارکردنەوەی بهربژێرهكان لە کەموکوڕی و بڕیارەکان.
- 2026/4/19 تاوهكو 2026/4/25: ماوەی تانەگرتن (الاستئناف) و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی دەربارەی تانەکان.
- 2026/5/8: راگەیاندنی لیستی کۆتایی بهربژێرهكان لە رۆژنامە فەرمییەکاندا.
- 2026/5/23: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی دەستەی نوێ.
فیدراسیۆن ئاماژهی بهوهكردووه ئەم پرۆسەیە بە چاودێرییەکی وردی یاسایی بەڕێوەدەچێت و رێگری دەکرێت لە هەر دەستوەردانێک یان بەشداریکردنی ئەو دەستە کارگێڕییانەی کە کێشەی یاساییان هەیە یان بە شێوەی کاتی بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش بۆ گەرەنتیکردنی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردنەکان.



