
یاریگا –
لە چوارچێوەی گەڕی 25ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سبه‌ی چوارشه‌ممه چاوەکان دەچنە سەر یاریگای نێودەوڵەتیی فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر.
یاریگای فه‌ڕه‌نسۆ هه‌ریری میوانداریی دێربی بەجۆش و خرۆشی بادینان لە نێوان هەردوو جەمسەری وەرزشی ناوچەکە، دهۆک و زاخۆ دەکات و یارییه‌كه‌ش كاتژمێر 05:30 به‌كاتی هه‌ولێر ده‌كرێت.
بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشووتری نێوان هەردوو یانە، ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بەبێ ئامادەبوونی هانده‌ر ده‌كرێت، ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردنە لە هەر گرژییەک.
ئەم یارییە تەنیا ڕکابەرییەکی وەرزشی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی مرۆیی و برایەتیی قووڵە، دوای ئەو گرژییانەی لە یاریی چوونی ئەم وەرزەدا روویاندا، کارگێڕی و یاریزانانی هەردوو یانە پەیامی خۆشەویستی و تەباییان بۆ یەکتری ناردووە.
وەک دەربڕینی ئەم برایەتییەش، لۆگۆ و دروشمی هەردوو یانە لە ناو شارەکانی دهۆک و زاخۆدا هەڵواسراون، ئەمەش وەک هەنگاوێکی جوان و شارستانی لە نێوان هاندەرانی هەردوو لایەندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت بۆ ئەوەی گیانی وەرزشیی زاڵ بێت بەسەر هەموو شتێکدا.
لە رووی مێژووییەوە، ململانێی دهۆک و زاخۆ لە 2002 تاوه‌كو ئێستا 27 رووبەڕووبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، دهۆک لە رووی ئامارەوە باڵادەستە و توانیویەتی لە هه‌شت یاریدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و 25 گۆڵ تۆمار بکات.
لە بەرامبەردا زاخۆ خاوەنی دوو سەرکەوتن و 17 گۆڵە، لە کاتێکدا 17 یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە، ئەم مێژووە نیشانیدەدات کە یارییەکانی نێوان ئەم دوو تیپە هەمیشە پڕ بووە لە کێبڕکێی توند و ئەنجامی یەکسانبوون پشکی شێری بەرکەوتووە.
بارودۆخی هەردوو یانە لەم وەرزەی خولەکەدا جیاوازە؛ هه‌رچه‌نده ئاستیان وه‌ك پێویست نییه و به‌دڵی هانده‌ران نییه، یانەی زاخۆ ئاستێکی جێگیرتر پێشکەش دەکات لە کۆی 24 یارییدا بە 11 سەرکەوتن، حه‌فت یەکسانبوون و شه‌ش دۆڕان، بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ پلەی حه‌فته‌می ریزبەندی گرتووە، هێرشبەرانی زاخۆ 31 گۆڵیان کردووە و 21 گۆڵیشیان لێکراوە.
هەرچی یانەی دهۆکە، لە پلەی نۆیه‌می ریزبەندی دەبینرێت و خاوەنی 34 خاڵە، کە لە 24 یاریدا نۆ سەرکەوتن و حه‌فت یەکسانبوون و هه‌شت دۆڕانی هەیە، بە تۆمارکردنی 27 گۆڵ و 24 گۆڵیان لێكراوه.
سەبارەت بە پێکهاتەی هەردوو یانە بۆ یاریی سبەی، چەند یاریزانێكی دیار ئاماده‌ی یارییه‌كه نابن،كه کاریگەرییان لەسەر ریتمی یارییەکە دەبێت.
لە یانەی زاخۆ تەنیا شێرکۆ کەریم بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت لە یارییەکە. بەڵام یانەی دهۆک لە دۆخێکی قورستردایە، چونکە یاریزان پیتەر گۆرگیس بەهۆی ئه‌وه‌ی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاشکۆی مۆندیال گه‌شتی مه‌كسیكی كردووه ئاماده نابێت، هەروەها عەلی یاسینی گۆڵپارێزی سەرەکیش بەهۆی وه‌رگرتنی كارتی سور له یاری به‌رامبه‌ر میینا به‌شداری له یارییه‌كه ناكات و سه‌عد ناتق و په‌شه‌نگ عه‌بدوڵلا و حه‌مود مشعان به‌هۆی پێكانه‌وه لەم دێربییە گرنگە یاریی ناكه‌ن. هەردوو یانە بە ئومێدی بەدەستهێنانی سێ خاڵ دەچنە ناو یاریگا بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە ریزبەندییەکەدا باشتر بکەن.



