مانچێستەر سیتی جێگرەوەی بێرناردۆ سیلڤا دەستنیشاندەکات
سیتی جێگای بێرناردۆ بە ناوەڕاستکارێکی لاو پڕدەکاتەوە

یاریگا –
بێرناردۆ سیلڤا لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە دوایین ساڵی گرێبەستەکەیدایە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە کۆتایی وەرز ماڵئاوایی دەکات و یانە بە شوێن چێگرەوەیدا دەگەڕێت.
تۆڕی BBC بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی، ئیلیۆت ئاندێرسن، ناوەڕاستکاری لاوی نۆتینگهام فۆرێستی وەکوو جێگرەوەی ناوەڕاستکارە پۆرتوگالییەکە دەستنیشانکردووە و لە مێرکاتۆی داهاتوو بایەخ بە گواستنەوەی دەدات.

رۆیشتنی بێرناردۆ سیلڤا، کە یەکێکە لە یاریزانە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکانی پێکهاتەکەی پێپ گواردیۆلا، بۆشاییەکی گەورە لە هێڵی ناوەڕاستدا دروستدەکات، بەتایبەت کە سیلڤا یاریزانێکە دەتوانێت لە چەندین شوێنی جیاواز یاریی بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، هەرچەندە سیتی ئارەزوویەکی زۆری بۆ گواستنەوەی ئاندێرسن هەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە و یانەکە لەگەڵ چەندین یانەی دیکە رووبەڕووی کێبڕکێیەکی قورس دەبێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە، مانچێستەر یونایتد، کە ئەویش خوازیاری گرێبەستکردنە لەگەڵ ناوەڕاستکارە 23 ساڵانییەکە، ئەوەش وادەکات نرخی یاریزانەکە زۆر بەرز ببێتەوە و ببێتە یەکێک لە گرانترین گرێبەستەکانی هاوین.
پلانەکانی مانچێستەر سیتی بۆ بازاڕی داهاتوو روونە؛ دەیانەوێت بە زووترین کات ئەو یاریزانانە بگوازنەوە کە لەگەڵ شێوازی تاکتیکی گواردیۆلا دەگونجێن، تاوەکوو پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، قەرەبووی بۆشایی سیلڤا بکاتەوە.
ئاندێرسن تاوەکوو ئێستا 83 یاریی لەگەڵ نۆتینگهام کردووە، چوار گۆڵی کردووە و نۆ گۆڵیشی دروستکردووە.



