
یاریگا –
چێڵسی لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی ئەنجامەکاندایە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە هێشتا متمانەی بە پڕۆژەکەی لیام رۆسێنیۆری ڕاهێنەر هەیە
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی تۆک سپۆرت، یانە لەندەنییەکە هیچ پلانێکی بۆ دەرکردنی رۆسێنیۆر نییە، تەنانەت ئەگەر لەم وەرزەدا نەگەنە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
Chelsea take immediate stance on Liam Rosenior after dire run of formhttps://t.co/XbDtuZy9bq
— talkSPORT (@talkSPORT) March 25, 2026
ئارامگریی بەرپرسانی چێڵسی بەرامبەر بە قەیرانەکان
خاوەنەکانی چێڵسی ئامادەن لانیکەم وەرزێکی تەواو دەرفەت بە رۆسێنیۆر بدەن، پێش ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی فەرمی بۆ کارەکانی بکەن. راهێنەرە ئینگلیزییەکە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، دوای ڕۆیشتنی لەناکاوی ئینزۆ مارێسکا، بە گرێبەستێکی درێژخایەن تاوەکوو ساڵی 2032 پۆستی راهێنەرایەتی بلووزی وەرگرت.
زنجیرەیەک شکستی ئابڕووبەر
بلووز لە خراپترین دۆخیدایە، تیپەکە چوار یاری لەسەریەکی دۆڕاندووە؛ دوایین شکستیان بەرامبەر ئێڤەرتن بوو بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام، کە وایکرد شەش خاڵ لە پلەی چوارەم دووربکەونەوە، لە کاتێکدا تەنها حەوت یاریی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ ماوە. هەروەها، لەسەر ئاستی ئەوروپا، یانەکە بە ئەنجامێکی کارەساتبار لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەرکرا و بە کۆی هەردوو یاریی 8-2 بەرامبەر پاریس سان جێرمان دۆڕا.
رەخنە و لێدوانە سەیرەکان
جگە لە ئەنجامەکان، شێوازی بەڕێوەبردن و قسەکردنی رۆسێنیۆر هاندەرانی تووشی سەرسوڕمان کردووە. لێدوانەکانی بووەنەتە جێگەی گاڵتەجاڕیی لە سۆشیاڵ میدیا و تەنانەت لەلایەن یانەی دیکەی پرێمەرلیگیشەوە.
ئیمانوێل پێتیت، ئەستێرەی پێشووی چێڵسی، ڕەخنەی توندی لێگرت، پێی وایە لە هەڵبژاردنی چێڵسی پەلەی کردووە و هێشتا بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی گەورەی وەکوو چێڵسی ئامادە نییە
رۆسێنیۆر لە ستراسبۆرگ کاری باشی دەکرد، بەڵام دەبوو دوو جار بیربکاتەوە پێش ئەوەی ئۆفەرەکەی چێڵسی قبوڵبکات، هێشتا گەنجە و ئەم هەنگاوە لە ئاستی خۆیدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە، هاندەران پێیان وایە کە ئەو کاتەی لیام تیپەکەی گرتە دەست کاتێکی گونجاو نەبوو، چونکە هیچ ئامادەکارییەکی پێش وەرزی لەگەڵ تیپەکە نەکردووە.
تاکە هیوای ئەم وەرزە
تاکە هیوای چێڵسی بۆ بردنەوەی نازناو لەم وەرزەدا جامی یەکێتیی ئینگلتەرایە، کە بڕیارە لە چواری مانگی داهاتوو لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی پۆرت ڤەیل ببنەوە، پاشان هەشت ڕۆژ دواتر لە یارییەکی زەحمەتی پریمەرلیگدا میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات.



