ریڤاڵدۆ: متمانەی تەواوم بە کارلۆ ئانچێلۆتی هەیە
ریڤالدۆ یەکەی مەشقی هەڵبژاردەی بەڕازیل بەسەردەکاتەوە

یاریگا –
ریڤاڵدۆ، یەکێک لە پاڵەوانە مێژووییەکانی بەڕازیل، کە نازناوی پێنجەمی جامی جیهانی لە ساڵی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدەستهێنا، گەشبینی خۆی بۆ ئاستی ئێستای سیلیساو دەردەبڕێت.
دیداری دوو هاوڕێی کۆن
ریڤاڵدۆ، براوەی باڵۆن دۆر، رۆژی سێشەممە سەردانی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی بەڕازیلی کرد لە شاری ئۆرلاندۆ، چاوی بە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئێستای بەڕازیل کەوت، کە ناوبراو پێشتر لە یانەی ئەیسی میلان راهێنەری بووە. ریڤاڵدۆ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمی بەڕازیل رایدەگەیەنێت باوەڕی تەواوی بەم پێکهاتەیەی ئێستای هەڵبژاردەکە هەیە.
بەهۆی کارەکانی راهێنەرەوە زۆر متمانەم بە هەڵبژاردەی بەڕازیل هەیە، ئانچیلۆتی کاری زۆر باش دەکات.
ئامادەکاریی بۆ جامی جیهانیی 2026
ئەستێرە تەمەن 53 ساڵانییەکە جەختی لەسەر گرنگی یارییە دۆستانەکانی داهاتوو کردەوە لە بەرامبەر فەڕەنسا و کرواتیا، پێی وایە ئەو جۆرە یارییانە دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی جامی جیهانی.
هیچ شتێک لەوە باشتر نییە کە ئاستی بەرز لەم یارییانەدا پێیشان بدەین بۆ ئەوەی متمانە بە هاندەران، یاریزانەکان و ستافی ڕاهێنەرایەتی ببەخشین. جامی جیهانی زۆر نزیکە و ئەم یارییانە کلیلن بۆ سەرکەوتن.
رۆحیەتی پاڵەوان لەنێو یەکەی مەشقەکان
ریڤاڵدۆ دەستخۆشی لە بڕیارەکەی سەرۆکی فیدراسیۆنی بەڕازیل کرد بۆ نزیککردنەوەی پاڵەوانە کۆنەکانی جامی جیهانی لە یاریزانانی نەوەی ئێستا. ئەستێرەکەی پێشووی بارسێلۆنا روونیدەکاتەوە کە ئەم سەردانانە ورەی یاریزانە گەنجەکان بەرز دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو کەشوهەوای جامی جیهانییەوە. ریڤاڵدۆ کە لە 78 یاریی نێودەوڵەتیدا 38 گۆڵی بۆ بەڕازیل کردووە، بە یەکێک لە گەورەترین هێماکانی مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەی دادەنرێت.
هەڵبژاردەی بەڕازیل لە ئێستادا لەژێر فشارێکی زۆردایە بۆ ئەوەی لە جامی جیهانی 2026 جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر تەختی پاشایەتی تۆپی پێی جیهان، و پاڵپشتییەکی لەم شێوەیەی ئەفسانەیەک وەکوو ریڤاڵدۆ، وزەیەکی زۆر بە تیپەکە دەبەخشێت.



