
یاریگا –
موسێس كایسیدۆ، ناوەڕاستكاری ئیكوادۆری یانەی چێڵسی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە لە ریزەكانی یانەكەی بەردەوام دەبێت و یانەكەی جێناهێڵێت.
كایسیدۆ لە هاوینی 2023 لە ریزەكانی برایتن بە بەهای 116 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە چێڵسی كرد و گرێبەستەكەی لە 2031 بەسەردەچێت.
زۆربەی سەرچاوەكان ناوی كایسیدۆیان بە پەیوەندیكردنی بە ریزەكانی ریال مەدریدەوە بەستبوویەوە.
یانەی چێڵسی رووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی ئەستێرە سەرەکییەکانی دەبێتەوە بەهۆی ناجێگیری ئەنجامەکانی و پاشەکشەی لە کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی سەرکەوتنی بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو.
چێڵسی لەم مانگەدا چوار یاریی لەسەریەكی دۆڕاندووە و لە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كرایە دەرەوە و ترسی نەگەیشتنیان بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو لەسەرە هەربۆیە گومانەكان لەسەر بەردەوامبوونی ئەستێرەكان زیاتر دەبن.
لەكاتی پەیوەندیكردنی بە هەڵبژاردەی ئیكوادۆر پرسیار لە كایسیدۆ دەربارەی گرنگیپێدانی ریال مەدرید كرا.
🔵🇪🇨 MOISÉS CAICEDO, al SER PREGUNTADO por el REAL MADRID:
👉 “Tengo contrato con mi club y quiero ser allí una leyenda”.
🗣️ @plazacasals pic.twitter.com/XZsf8wM17d
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) March 24, 2026
یاریزانە 24 ساڵانەكە لە لێدوانەكانیدا بۆ ئێل چێرینگویتۆ گوتی؛
ئێستا سەرنجی تەواوم لەسەر یانەكەمە، گرێبەستم لەگەڵ چێڵسی هەیە، دەمەوێت لەوێ ببمە ئەفسانەیەک، ئێستا ئەوە هەموو شتێكە، دەرباڕەی هەڵبژاردەی نیشتیمانی دەمەوێت بمێنمەوە و كاروانی وەرزشیم لە بەرزترین ئاستدا كۆتایی پێبهێنم.
لە ساڵی 2023 كایسیدۆ سەرەڕای گرنگیپێدانی لیڤەرپوول پەیوەندیكردنی بە چێڵسیەوە هەڵبژارد.



