
یاریگا –
یانەی پاریس سان جێرمان زەبرێکی گهورهی بەرکەوت دوای پشتڕاستکردنەوەی پێكانی ئەستێرە لاوەکەی، برادلی بارکۆلا، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، ئەمەش هاوسەنگی هێرشبەری تیپەکە دەخاتە مەترسییەوە پێش چوونە ناو قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزەکە.
پێکانی بارکۆلا دوای دەستێوەردانێکی توندی جواو پێدرۆی یاریزانی یانەی چێڵسی هات لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی یانە لەندەنییەکە بەرامبەر سانجێرمان لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
ئەو لێدانە بووەتە هۆی پچرانی بەستەرەکانی پاژنەی پێی، کە بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕی فوت مێركاتۆ ئەم پێکانە بۆ ماوەیەک لە نێوان 3 بۆ 4 هەفتە لە یاریگاکان دووری دەخاتەوە، هەرچەندە تاوهكو ئێستا بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ دیاریکردنی وردی ماوەی دوورکەوتنەوەکەی دەرنەچووە.
بەمەش ئامادهنهبوونی ئەم یاریزانە فەرەنسییە لە رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراو بەرامبەر لیڤەرپوڵ لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا مسۆگەر بووه.
كێشهی ئامادهنهبوونی بارکۆلا لەوەدایە کە ئەو یاریزانە زۆرترین کاریگەری و ئامادەیی لە هێڵی پێشەوەی تیپە پاریسییەکەدا هەبووە، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە یاریزانانی تر ئاستیان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئاستی دیزێرێ دوی لە دوای گەڕانەوەی لە پێکان هێشتا نەگەیشتووەتە لوتکە، لە کاتێکدا کڤاراتسخێلیا ئاستێکی ناجێگیر پێشکەش دەکات، عوسمان دیمبێلیش هێشتا بەدەست پێکانە بەردەوامەکانی ئەم وەرزەوە دەناڵێنێت.
لویس ئینریکی راهێنەر دڵتهنگی خۆی بۆ لەدەستدانی یەکێک لە دیارترین توخمەکانی تیپەکەی نەشاردەوە و لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی نیس جەختی لەوە کردەوە کە ئامادهنهبوونی ئەم یاریزانە لێدانێکی بەئازارە. ئینریکی گوتی:
“جێگەی داخه هەر یاریزانێک تووشی پێکان بێت، بەڵام بابەتەکە قورستر دەبێت کاتێک یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بێت”
هەروەها جەختی لەسەر ئەو بەها هونەری و جەستەییە کردەوە کە بارکۆلا لە مانگەکانی رابردوودا پێشکەشی کردووە و گوتیشی: “ئەمە تۆپی پێیە و ئەمە ژیانە، دەبێت خۆمان بگونجێنین.”



