
یاریگا –
بڕیارە ئهمشەو یاریگای دهۆک ببێتە مەیدانی ململانێیەکی بەهێز لەنێوان هەردوو جەمسەری تۆپی پێی کوردستان، کاتێک یانەی دهۆک لەنێو یاریگا و هاندەرانی خۆیدا پێشوازی لە یانەی هەولێر دەکات.
ئەم یارییە کە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقه، لە کاتژمێر 11:15ـی شەو دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت بینەرێکی زۆر لە شاشەکان و یاریگاوە چاوەڕێی ئەنجامەکەی بن، چونکە ئەم كلاسیكۆیه هەمیشە تایبەتمەندی و رکابەرییەکی مێژوویی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو یانە لە خولی عێراقدا گەواهی ململانێیەکی زۆر لێک نزیک دەدەن، بە شێوەیەک کە لە کۆی 24 یاری فهرمی نێوان ئهم دوو یانهیه، یانەی هەولێر خاوەنی باڵادەستییەکی رێژەییە و توانیویەتی لە نۆ یاری سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
لە بەرامبەردا، یانەی دهۆک لە شهش یاری توانیویەتی سێ خاڵی یارییەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا هەردوو یانە لە نۆ یاری دیکەدا بە یەکسانبوون لە یاریگا چوونەتە دەرەوە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە یەکسانبوون بەشێکی گەورەی لە مێژووی یارییەکانی نێوانیان گرتووەتەوە.

لە رووی هێرشبەری و تۆمارکردنی گۆڵیشەوە، ئامارەکان هاوسەنگییەکی تەواو نیشان دەدەن و جیاوازییەکە تەنیا یەک گۆڵە. یانەی هەولێر لە کۆی مێژووی یارییەکانی بەرامبەر دهۆک توانیویەتی 28 گۆڵ تۆمار بکات، لە بەرامبەردا یانەی دهۆک 27 جار تۆڕی گۆڵی هەولێری هەژاندووە.
ئەم نزیکییە لە ژمارەی گۆڵەکاندا ئەوە دەسەلمێنێت کە یارییەکانی ئەم دوو یانەیە هەمیشە پڕ لە گۆڵ و هەوڵدان بووە و هیچ کامێکیان بە ئاسانی رێگەیان نەداوە رکابەرەکەیان کۆنترۆڵی یارییەکە بکات.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەردوو یانە لە خشتەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بە بارودۆخێکی باشتر له دهۆك تێدەپەڕێت و پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی گرتووە، کە ئامانجییەتی بە بردنەوە لەم یارییەدا پێگەی خۆی لە نێوان چوار یانە پێشەنگەکەدا قایمتر بکات.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی دهۆک کە خاوەنی 33 خاڵە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکەدایە، هەوڵدەدات سوود لە یاریگا و پاڵپشتی هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی گرنگ بەدەستبهێنێت و لە ریزبەندییەکەدا چەند پلەیەک بێتە پێشەوە، بەتایبەت کە بردنەوە لە دێربی تاموچێژێکی تایبەتی بۆ هاندەرانی دهۆک دەبێت.



