ئەم نەوە نوێیە پێویستی بە کاتە؛ کارلۆ ئانچێلۆتی بەرگریی لە ریال مەدرید دەکات
"بردنەوەی نازناوی مۆندیال لەگەڵ بەڕازیل ئامانج نییە"

یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل بەرگریی لە دۆخی ئێستا یانەی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت نەوەی نوێی یانەکە پێویستی بە کاتی زیاترە تاوەکوو بگەنە ئاستی راستەقینەی خۆیان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆ مارکا، کە بەبۆنەی یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی وێستگەکە سازکرابوو، ئانچێلۆتی باس لە گۆڕانکارییەکانی نێو ریال مەدرید دەکات و دان بەوە دادەنێت هێشتا پەیوەندی لەگەڵ مێرەنگی و یاریزانانی ماوە.
🔴 🎙️ #EntrevistaRadioMARCA con CARLO ANCELOTTI
📍 Desde RÍO DE JANEIRO
🏆 Recibiendo el PREMIO RADIO MARCA
🎙️ @raulvarelar
📻 #LaTribu https://t.co/UMABL0LZbV— Radio MARCA (@RadioMARCA) March 16, 2026
پێت وایە ریال مەدرید بەم دواییە گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە؟
تۆپی پێ دەگۆڕێت. بابەتەکە تەنیا گۆڕینی کڕووس بۆ ئێمباپێ نییە، هەر لەو ساڵەدا ناچۆ رۆیشت، کارڤاخاڵ تووشی پێکان هات، نەوەی پێشوو ژینگەیەکی خەیاڵییان لە ژووری جلگۆڕین دروستکرد، ئێستا ئەوان نەماون و کۆمەڵەیەکی نوێ لە یاریزان دەبێت پەرە بە کەسایەتی و توانای سەرکردایەتییان بدەن، بە شەو و رۆژێک ئەوە روونادات. هاتنی کیلیان هاوکات بوو لەگەڵ رۆیشتنی کڕووس و ناچۆ، تۆپی پێ وردەکاری بچووک دەگۆڕێت، بۆیە کاتێک گۆڕانکاری دەکەیت هەمیشە شتەکان باش بەڕێوەناچن.
پەیوەندی تەلەفۆنیت لەگەڵ مەدرید ماوە؟
بەڵێ، هەندێک جار. دوای یارییەکەی مانچێستەر سیتی پەیوەندیم بە سەرۆک و یاریزانەکانەوە کرد و پیرۆزباییم لێ کردن. رۆژی دواتر قسەم لەگەڵ رۆدریگۆ کرد و لە هەواڵیم پرسی.
بە ئاستە ناوازەکەی ڤاڵڤێڕدی سەرسام بوویت؟
سەرسام نەبووم، بەهۆی ڤاڵڤێردییەوە بڕوانامەی راهێنەرایەتیم ماوە. نامەم بۆ نارد و پێم گوت بەداخەوەم کە پاسپۆرتی بەڕازیلییت نییە.
بەجێهێشتنی ریال مەدرید و وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەڕازیل؟
نەمدەیوست لەدوای ریال مەدرید پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی دیکەوە بکەم، دوو ساڵ لەمەوبەر بەڕازیل گرێبەستی پێشکەش کردم بەڵام دواتر گرێبەستم لەگەڵ ریال مەدرید درێژکردەوە و ساڵی رابردوو پێم وابوو دەرفەتێکی گونجاوە کە یانەکە بەجێبهێڵم و ئێستا دڵخۆشم.
بیری هیچ شتێکی مەدرید دەکەیت؟
ئێستا بە ئاسوودەیی دەژیم چونکە هەموو ساتێک پێویستە چێژی لێ وەربگیرێت. یادەوەری زۆر جوانم لەگەڵ ریال مەدرید هەیە و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ یانەکە و ئەوانەی لەوێ کار دەکەن هەیە. کاتێک ریال مەدرید یاریی هەیە هەمیشە سەیری دەکەم، نەوەک تەنیا لەبەر یاریزانە بەڕازیلییەکان، بەڵکوو دەمەوێت سەیری ریال مەدرید بکەم و چێژ لە بردنەوەیان وەربگرم
لەگەڵ بەڕازیل کەمتر هەست بە فشار دەکەیت؟
بەڵێ، چونکە یاریی کەمتر دەکەیت. پێویست ناکات هەموو رۆژێک ئامادەکاری بۆ راهێنان بکەیت، کارێکی جیاواز و سەرنجڕاکێشە چونکە یاریزانی زۆر دەبینیت، بەڕازیل لانیکەم 70 یاریزانی هەیە، هەڵسەنگاندنی هەموویان ئاسان نییە.
دوو مانگی دیکە خەڵکی داوای بردنەوەی نازناوی شەشەمت لێ دەکەن؟
ماوەیەکی زۆرە داوای دەکەن، ئەوە ئامانج نییە، بەڵکوو پاڵنەرێکی بەهێزە.
پێت وایە بەڕازیلییەکانی ریال مەدرید کاتێک یاریی بۆ هەڵبژاردەکەیان دەکەن زۆر جیاوازن؟
ئەوەی دەگۆڕێت ژینگەی ژووری جلگۆڕینە. لە یانەدا نەتەوەی زۆر هەیە، لێرە 25 یاریزانی بەڕازیلی هەیە کە هەمان زمان و کلتووریان هەیە. لە یانە پەیوەندی زیاتر راستەوخۆیە و بەردەوامە. ئەو سەختییەی یانە هەیەتی بریتییە لە جێگیرکردنی هەموو ئەوانە.
ڤینیسیۆس جونیۆر دەتوانێت جارێکی دیکە ئاستی ناوازە پێشکەش بکات؟
ڤینیسیۆس هەرگیز لە یارییە گرنگەکاندا ون نەبووە. لەبیرم نییە کە ڤینی لە قۆناخی پێش کۆتایی یان چارەگی کۆتایی شکستیهێنابێت. لەوانەیە لەگەڵ ڤالێنسیا تووڕەبووبێت و چووبێتە دەرەوە، بەڵام هەرگیز لە یارییە گرنگەکاندا وای نەکردووە.



