هۆکاری بەشدارینەکردنی مێسی لە یارییەکەی شەوی رابردوو

لیۆنێل مێسی لە پێکهاتەی ئینتەر مەیامی دوورخرایەوە لەو یارییەی کە تیپەکەی بەبێ گۆڵ لەگەڵ شارلۆت یەکسان بوو. بەڵام بڕیاری پشوودان بە مێسی زیاتر پەیوەندی بە پلانێکی تەکتیکییەوە هەبوو نەک پێکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنیا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، 90 خولەکی تەواوی بەرامبەر نەشڤیل لە یاری چوونی قۆناغی ١٦ی جامی پاڵەوانانی کۆنکاکاف یاریکردبوو، دەستەی ڕاهێنەرانی ئینتەر مەیامی بڕیاریاندا پارێزگاری لە ئەستێرە درەوشاوەکەیان بکەن.
لە چوارەمین یاری ئینتەر مەیامی لە وەرزی ٢٠٢٦ی خولی ئەمریکی ، مێسی تاکە ناوی گەورە نەبوو کە لە لیستی یاریزانەکاندا نەبوو. ڕۆدریگۆ دێ پاوڵ، کە یاریزانێکی سەرەکییە لە هێڵی ناوەڕاستی مەیامی و ئەرجەنتین، نە لە پێکهاتەی سەرەکی و نە لە یەدەگەکانیشدا بینرا. لە غیابی ئەم دوو پاڵەوانەی مۆندیالدا، بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا، لویس سوارێز وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری پێکرا. هێرشبەرە دێرینەکەی ئۆرۆگوای سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی دەکرد، بەڵام بەبێ پشتیوانیی مێسیی هاوڕێی، نەیتوانی کاریگەریی لەسەر یارییەکە هەبێت.
بەم یەکسانبوونە، پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی جام لە کۆی چوار یاری سەرەتای وەرزەکەدا حەوت خاڵی کۆکردۆتەوە؛.
خاڤیێر مۆرالێس، یاریدەدەری ڕاهێنەر، لە پرێس کۆنفرانسی دوای یارییەکەدا هۆکاری پشت ئەم بڕیارەی ڕوون کردەوە. مۆرالێس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ئەمانە ئەو بڕیارانەن کە وەک دەستەی ڕاهێنەران دەبێت بیدەین. لەم دواییانەدا یارییەکی زۆرمان ئەنجامداوە – چوارشەممان، شەممان – وە یارییەکی زۆر گرنگیشمان لە یاریگای خۆماندا لەپێشە، بۆیە دەستەی ڕاهێنەران پێیان وابوو ئەمە باشترین هەنگاوە. ئەوە بڕیارێکی هاوبەش بوو.”



