
یاریگا –
تیاگۆ پیتارچ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ریال مەدرید کردووە و تێیدا باسی ئەم چەند رۆژەی دواییی ژیانی خۆی دەکات.
تیاگۆ یەکێک بوو لە یاریزانە ناوازەکان لە یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و خەریکە دەبێتە یەکێک لە خۆشەویستترین یاریزانەکان لەلایەن هاندەرانی ریال مەدریدەوە. ئالڤارۆ ئاربێلوا دەرفەتێکی پێدەبەخشێت و یاریزانەکەش بێهیواکەر نییە. یانەکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کردووە سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا روویانداوە.
تیاگۆ پیتارچ لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ ریال مەدرید دەڵێت:
لە کاتی راهێنانەکان روویدا، پێیان گوتم ریال مەدرید گرنگیم پێدەدات و منیش یەکجار بیرم لێکردەوە. بە خێزانەکەمم گوت بەڵێ، یەکسەر دەچینە ئەوێ. هەمووشتێک زۆر خێرا روویدا چونکە شتێکی زۆر نەبوو تاوەکوو بیری لێبکەمەوە. لە تەمەنی سێ ساڵی لە ئەکادیمیایەکی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە دەستم پێکرد، کە لە تەنیشت ماڵەکەمەوە بوو. تاوەکوو تەمەنی 12 ساڵی لەوێ مامەوە، پاشان چوومە خیتافی. بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو لەوێ بووم، دواتر چوومە لێگانێس و دەرفەتی ژیانم هاتە پێشەوە: پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید.
پیتارچ بە وردی لەسەر ئەم هەفتانەی دوایی دەدوێت و دەڵێت:
تەنانەت لە باشترین خەونەکانیشم ئەم شتانە بەسەرمدا نەدەهات. ئامادەبوون لەگەڵ ئەم یاریزانانەکە باشترینەکانی جیهانن، دەبێت تاوەکوو دەتوانیت چێژیان لێوەرگریت و لێیانەوە فێربیت. پێموایە زۆر بە باشی خۆم لەگەڵ تیمەکە گونجاندووە، بەتایبەت لەگەڵ فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و برایم دیاز. زیاتر لەگەڵ یاریزانە ئیسپانییەکان قسە دەکەم، بەڵام ئەو دووانە لە یارییەکاندا زۆر یارمەتیم دەدەن.

لاوەکەی مێرێنگێ راهێنەرەکەشی لەبیر نەکرد و لەبارەی گرنگی ئالڤارۆ ئاربێلواوە گوتی:
ئەو بۆ من زۆر گرنگە، لە سەرەتاوە هەمیشە باوەڕی تەواوی پێبەخشیوم. هەوڵ دەدەم ئەو باوەڕەی پێبدەمەوە چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەم نییە. لە یەکەم ساتەوە قسەی لەگەڵ کردم، پێی گوتم کەسایەتیم هەبێت، خۆم بم و نەترسم لەوەی کەسایەتی خۆم نیشان بدەم. منیش هەوڵ دەدەم ئەوە بکەم تاوەکوو ئەو باوەڕە بگەڕێنمەوە کە پێم دەبەخشێت.
سەبارەت بە بێرنابیۆ گوتی:
گوێم لە چەپڵە بوو کاتێک دەچوومە سەر کورسی یەدەگ و مووچرکەی بە گیانمدا هێنا، بە خۆمم دەگوت: ئەوە ناوی من دەهێنن؟ زۆر دڵخۆشم، دواتر لە ڤیدیۆیەکدا بینیم و ئەمە شانازییەکی گەورەیە، بەتایبەت بۆ خێزانەکەم و بۆ من، چونکە ئەمە رەنجی چەندین ساڵ هەوڵدانە. پێموایە هاندەران سۆزێکی زۆریان بۆم هەیە و من هەمیشە سوپاسگوزار دەبم. دەیسەلمێنم کە هەرگیز بێهیوایان ناکەم، هەمیشە ئەوپەڕی توانام بۆ ئەم درێسە دەبەخشم تاوەکوو لە بردنەوەی یارییەکان بەردەوام بین.



