
یاریگا –
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا و بهربژێر بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە ڤیلافرانکا، پەیامێکی توند و راشکاوی ئاراستەی ڤیکتۆر فۆنت كرد، كه تاكه رکابەری لە هەڵبژاردنەکانی 15ـی ئازار کرد. لاپۆرتا بەرگری لە پڕۆژە وەرزشی و داراییەکەی کرد و فۆنتی بە تێکدەر وەسف کرد.
بەرگری لە دیکۆ و ستافی کارگێڕی
لاپۆرتا وەڵامی پێشنیارەکانی ڤیکتۆر فۆنتی دایەوە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ستافی وەرزشیدا و گوتی:
“فۆنت سەرقاڵی تێکدانی پڕۆژە وەرزشییەکەمانە، دەڵێت ئەگەر ئەو بیباتەوە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی لادەبات و گروپێکی سێ کەسی دەخاتە شوێنی؛ ئەمە شتێکی بڕوانەکراوە.”
💬 Laporta recalca su mensaje en Vilafrancahttps://t.co/s4IJ2TfB7Q
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) March 7, 2026
هەروەها لاپۆرتا بەرگرییەکی سەختی لە ئەلیخاندرۆ ئێچیڤاریا کرد و رایگەیاند کە رۆڵی ئەو لە ڕێکخستنی ژووری جلگۆڕین و پەیوەندییەکان لەگەڵ لالیگا و فیدراسیۆن بنەڕەتی بووە، بەتایبەت لە مەسەلەی تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆڵمۆ گوتی؛
“وا دیارە فۆنت پێی ناخۆشە کە پڕۆژە وەرزشییەکەمان سەرکەوتووە و هاندەران دڵخۆشن.”
“بارسا لە رووی داراییەوە زێڕە”
سەبارەت بە دۆخی ئابووری، لاپۆرتا بە متمانەوە گوتی؛ “ئەمە راستییەکە و وەک قەڵا وایە؛ ئێمە زۆر له پێنج ساڵ لەمەوبەر باشترین، نەک تەنیا من، بەڵکو دەزگاکانی وەک دیلۆیت، مۆرنینگ ستار، یوێفا و لالیگاش هەمان شت دەڵێن.”
لابۆرتا چەند ئامارێکی سەرنجڕاکێشی خستە ڕوو:
داهاتی یانەکە گەیشتووەتە 1 ملیار یۆرۆ.
بەهای یانەکە بەپێی گۆڤاری فۆربس، لە 4.3 ملیارەوە بۆ 6.7 ملیار یۆرۆ بەرزبووەتەوە.
پێکهاتەی ئێستای بارسا بەرزترین بەهای بازاڕیی هەیە لە جیهاندا.
پەیامێک بۆ مەدرید و فۆنت
لاپۆرتا لە کۆتایی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر فۆنت لەسەر بابهتی نێگرێرا و گوتی؛
“ناکرێت فۆنت ببێتە دەنگی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر ناوبانگی بارسا، لە مەدرید چەپڵە بۆ فۆنت لێدەدەن چونکە قسەکانی ئەو خزمەت بەوان دەکات.
له كۆتاییدا لاپۆرتا داواشی لە فۆنت کرد کە کەمێک خاکەڕا بێت و لەبری هێرشکردن، باسی پێشنیازەکانی خۆی بکات.



