
یاریگا –
لە یارییەکی گرینگ و قورسدا، دهۆک لە یاریگای خۆی رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە و راهێنەری دهۆکیش دەڵێت پلانی باشمان بۆ یارییەکە دەبێت.
شەممە ( 7ـی ئاداری 2026 ) لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک کاتژمێر 11:15ـی شەو لە یاریگای خۆی میوانداری شوڕتە دەکات، بۆ ئەم یارییەش دهۆک لە توانای پاشەنگ عەبدوڵا و زانا عادل بە هۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، هاڕون ئەحمەدیش دوایین مەشقی لەگەڵ یانەکە بە ماسکی تایبەتەوە کردووە و بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک دەربارەی گرینگی یارییەکە و ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ یارییەکە گووتی:
ئەو یارییە بۆ ئێمە گرینگە و بە باشی خۆمان ئامادەکردووە، پلان و رێنمایی تایبەتم بە یاریزانەکان داوە، زانیاریمان هەیە شوڕتە ترسی لەم یارییە هەیە و ئێمەش ئامادەین بۆ سەرکەوتن، هەڵەکانی یارییەکانی رابردوومان چاککردووە، هیوادارم یاریزانەکان لە رۆژی خۆیاندابن، داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین بۆ ئەنجامی چەند یارییەکی رابردوو، هەوڵدەدەین دڵخۆشتان بکەین و قەرەبووتان بۆ بکەینەوە.
چوار یارییە دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە، دهۆک بە 27 خاڵ لە ریزبەندی 10 دێت و گەڕی داهاتووش لە بەغدا دەبێتە میوانی کەرخ، شوڕتە 11 یارییە لە خولەکە شکستی نەهێناوە و بە 44 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



