ئینتەر گرێبەستێکی ئارسیناڵ رەتدەکاتەوە

یاریگا –
ئارسیناڵ گرنگی بە گواستنەوەی فرانسێسکۆ پیۆ ئێسپۆسیتۆی هێرشبەری لاوی ئینتەر میلان دەدات.
گرنگیپێدانی ئارسیناڵ بە ئێسپۆسیتۆ لە 20ـی کانوونی دووەم، کاتێک ئینتەر رووبەڕووی ئارسیناڵ بووەوە، دروست بوو. یاریزانەکە بەشێوەی یەدەک بەشداریی کرد و ئەگەرچی ئینتەر یارییەکەی 3-1 دۆڕاند، بەڵام هێرشبەرە لاوەکە بە وزە و جووڵە زۆرەکانی سەرنجی میکێل ئارتێتای بەلای خۆیدا راکێشا.
بەگوێرەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، ئارتێتا داوای لە بەڕێوەبەری وەرزشیی ئارسیناڵ، ئاندریا بێرتا کردووە زانیاریی لەبارەی یاریزانەکە کۆبکاتەوە. بێرتا پەیوەندیی بە پیێرۆ ئۆزیلیۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی ئینتەر کردووە تاوەکوو دوو پرسیاری سادەی لێبکات: نرخی ئێسپۆسیتۆ چەندە؟ بۆ فرۆشتنە؟

وەڵامی ئینتەر روون و راستەوخۆ بووە: ئێسپۆسیتۆ داهاتوویانە، چوار ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە و بە هیچ نرخێک بۆ فرۆشتن بەردەست نییە. سەرەڕای ئەو گرنگیپێدانانە، بەڵام ئینتەر یاریزانەکە وەکوو بەشێکی گرنگی پڕۆژەکەی دەبینێت. بەم دواییانە بەهۆی پێکانی لاوتارۆ مارتینێز و بوونی کاریگەری رکابەریی لەسەر مارکۆس تورام، ئێسپۆسیتۆ کاتی یارییکردنی زیاتری بەدەستهێناوە. بەهۆی پێکانی بچووکی هێرشبەرەکانی دیکەش، ئێستا ئەو لە یارییە گرنگەکاندا بەرپرسیارییەتی زیاتر لە ئەستۆیە، لەنێوانیشیان جامی ئیتاڵیا و دێربیی داهاتوو.
وەرزی رابردوو پیۆ 19 گۆڵی لەگەڵ سپێزا لە سێریا بی کرد، پێش جامی جیهانیی، بەڕێوەبەرانی ئینتەر، جۆسێپی مارۆتا و ئۆزیلیۆ گرێبەستەکەیان تاوەکوو 2030 بە مووچەی نزیکەی 1 ملیۆن یۆرۆ بۆ وەرزێک نوێکردەوە، کە ئەمەش گرێبەستێکی گەورەیە بۆ یاریزانێکی لاو لە سێریا ئەی.

ئێسپۆسیتۆ ئەم وەرزە تاوەکوو ئێستا 7 گۆڵی کردووە و هەوڵ دەدات بەلایەنی کەمەوە 10 گۆڵ لەگەڵ تیمی یەکەم بکات. لەڕووی جەستەییەوە بەهێزە و دەتوانێت هەموو چەند رۆژێک بەبێ کێشە یاریی بکات. ئینتەر باوەڕی وایە یاریزانەکە لە سەرەتای کاروانێکی وەرزشیی گەورەدایە و نایانەوێت رێگە بە رۆیشتنی بدەن.



