ئاسیائه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

دوو یاریزانی ئیسپانی لە ئێران به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی رزگاریان بوو

نزیكه‌ی 12 كاتژمێر له‌ناو ئوتومبێل بوون

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە لوتکە، دوو یاریزانی ئیسپانی کە لە خولی ئێران یاری دەکەن، گەشتێکی پڕ لە ترس و ئاستەنگیان بڕی تاوەکو توانییان خاکی ئێران جێبهێڵن.

رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانی ئاشكرایكردووه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یاریزانان مونیر حەدادی و ئیڤان سانچێز دوای 12 کاتژمێری بە ئۆتۆمبێل، گەیشتنە خاکی تورکیا و لەوێوە بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتن.

موشەکەکان لە ئاسماندا دەتەقێنرانەوە

ئیڤان سانچێز، یاریزانی یانەی سپاھان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی ئاس باسی لە ساتە ترسناکەکان کرد و گوتی:

جار و بار هەندێک موشەکمان دەبینی لە ئاسماندا دەتەقێنرانەوە، بەڵام بە گشتی گەشتەکەمان ئارام بوو

ئیڤان کە تەمەنی 33 ساڵە، باسی لەوە کرد کە یانەکەی پاسەوان و گواستنەوەی تایبەتی بۆ دابین کردوون تاوەکو گەیشتوونەتە سنووری تورکیا.

مۆنیر حەدادی؛ لە فڕۆکەخانەوە بۆ رێگای وشکانی

مۆنیر حەدادی، ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا و یاریزانی ئێستای یانەی ئیستقلال، چیرۆکێکی جیاوازی هەبوو، ئەو لە ناو فڕۆکەدا بوو خه‌ریك بوو فرۆكه‌كه‌ به‌رزده‌بووه‌وه‌، بەڵام بەهۆی داخستنی ئاسمانەوە هەموو سەرنشینەکانیان دابەزاند. مۆنیر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نووسیویەتی:

“سوپاسی یانەکەم دەکەم کە ئۆتۆمبێلی بۆ دابین کردم تا بە وشکانی خاکی ئێران جێبهێڵم، ئێستا لە تورکیا پارێزراوم و بەرەو ئیسپانیا دەگەڕێمەوە.”

گەشتە 12 کاتژمێرییەکە

یاریزانەکان باسی ئه‌وه‌یان كرد کە گەشتەکەیان 12 کاتژمێری خایاندووە تاوه‌كو گەیشتوونەتە سنوور، دوای ئەوەش 2 کاتژمێر بە تاکسی رۆیشتوون بۆ شاری وان لە تورکیا و لەوێوە گەشتی ئاسمانییان بەرەو ئەستەنبوڵ و پاشان مەدرید كردووه‌، ڕیکاردۆ ئەلڤێسی یاریزانی پورتوگالیش هاوەڵی ئیڤان سانچێز بووە لەم گەشتەدا.

وەرزشوانانی تری ئیسپانیا لە ئێران

جگە لە یاریزانەکان، پێپێ لۆسادا راهێنەری توانای جەستەیی و ئیمیلیۆ ئەلڤارێز راهێنەری گۆڵپارێزانی پێرسێپۆلیس بە هەمان شێوە و بە ڕێگای وشکانی توانیویانە خۆیان بگەیەننە خاکی تورکیا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو چالاکییە وەرزشییەکان لە ئێران و به‌شێكی زۆر له‌ وڵاتانی كه‌ندا و راگیراون و چارەنووسی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان لە مەترسیدایە.

ئەم رزگاربوونە دراماتیکییە نیشانەی ئەو بارودۆخە سەختەیە کە وەرزشوانە بیانییەکان لە ناوچەکەدا پێیدا تێدەپەڕن، لە کاتێکدا جەنگ هەڕەشە لە هەموو سێکتەرەکان دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button