
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەڕەنسی سەختترین وەرز لە کاروانی وەرزشی بەڕێدەکات و پێکان تەواو یەو یاریزانەی ماندوو کردووە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، کیلیان ئێمباپێ لەم وەرزە تاوکوو ئێستا بەهۆی پێکان هەشت جار لە یاریکردن دابڕاوە و بەکۆی گشتی 53 رۆژ لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە و یەکەمجارە کیلیان لە وەرزێک هێندە دادەبڕێت. بەمەش ریکۆردەکەی وەرزی 2019-2020ـی تێپەڕاند کە لەو وەرزە 51 رۆژ دابڕابوو.
ئێمباپێ لە 10 وەرزی رابردوو کەمترین جار تووشی پێکان بووە، وا راهاتووە بەردەوام یاریی بکات، بەڵام لەم وەرزە کێشەی جەستەیی زۆرە و پێکانە بەردەوامەکانی وایانکردووە یاریزانەکە نەتوانێت بەردەوام لە ئاستی راستەقینەی خۆیدا بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، ئێمباپێ ئێستا زۆر هەست بە نائارامی دەکات و دەیەوێت چارەسەرێک بۆ پێکانە زۆرەکانی بدۆزێتەوە و ترسی ئەوەی هەیە یارییە گرنگەکانی کۆتایی وەرز لەدەستبدات.
ئێمباپێ لەم وەرزە 33 یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە، 38 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە.
— MARCA (@marca) February 27, 2026



