
یاریگا –
کێشەکانی پەیوەست بە رووداوەکانی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانی ئەوروپا بەگشتی و ئیسپانیا بەتایبەتی بەردەوامیی هەیە و ئەمجارەش هەر یاریزانێکی ریال مەدرید چەقی رووداوەکەیە کە کیلیان ئێمباپێیە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هەڵسوکەوتە مشتومڕهێنەکەی پرێستیانی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی بەرامبەر ڤینیسیوس جونیۆر بووەتەجێی باسی مێدیا، کەسایەتی و ناوەندە وەرزشییەکان و وەک رووداوی هەفتە سەرنجەکانی بۆ لای خۆی راکێشا کە هەمووان لە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی یوێفا دەکەن بۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەکە.
کیلیان ئێمباپی کە لە بابەتەکەی ڤینیسیۆسی هاوتیمیدا دەنگێکی دیاربوو، خۆشی قوربانیەکی دیکەیە بەدەسر دیاردەکەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو لەلایەن هاندەرێکی ریال ئۆڤیدۆ هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر کرا.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی کە رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، نووسینگەی داواکاری گشتی شاری ئۆڤیدۆ داوای ساڵێک سزای زیندانیکردنی بەسەر هاندەرەکەدا کردووە.
هەر ئەوکات سەروەختی رووداوەکە پۆلیس هاندەرەکەی دۆزیەوە و رەوانەی دادگای کرد لەدوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتن دەنگی مەیموون ئاسای لەدژی هێرشبەرە فەڕەنسیەکە دەرکردووە.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو، پۆلیسی نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ هاندەرێکی ریال مەدریدیان لە کاتی یاریەکەی بێنفیکا کە تێدا شاهانەکان 2-1 براوەبوون، ناسیوەتەوە کە سڵاوی نازییەکانی دووبارەکردووەتەوە. هەربۆیە لە یاریگا کردیانەدەرەوە و چاوەڕێش دەکرێت سزایەکی قورسی بەسەردا بسەپێنرێت.



