هەمووشتێک بزانە؛ وردەكارییەكانی تیروپشكی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ
هەموو ئەوەی پێوویستە دەربارەی تیرووپشكی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بیزانیت

یاریگا –
چێژی راستەقینەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانەوە دەست پێ دەكات، کە تێیدا هاندەران لە سەرانسەری جیهان چاوەڕێی ناسینی ناسنامەی یانە سەرکەوتووەکانی ئەم قۆناخە دەکەن.
خاوەن پلەکانی یەکەم تا هەشتەم راستەوخۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی شازدە، ئەو یانانەی لە پلەکانی 9-24 بوون، یارییەکانی پاشکۆ بۆ گەیشتن بەو قۆناخە دەكەن.
ئەو یانانەی راستەوخۆ گەیشتنە قۆناخی شازدە
| ریزبەندی | یانە |
| 1 | ئارسیناڵ |
| 2 | بایرن میونشن |
| 3 | لیڤەرپوول |
| 4 | تۆتنهام |
| 5 | بارسێلۆنا |
| 6 | چێڵسی |
| 7 | سپۆرتینگ |
| 8 | مانچێستەر سیتی |
چاوەڕواندەكرێت رۆژی هەینی رێكەوتی 27ی شوبات سەرجەم چاوەكان بچنە سەر شاری نیۆن لە سویسرا و تیروپشكی یارییەكانی قۆناخی شازدە، قۆناخی چارەكی كۆتایی و قۆناخی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ رابكێشرێت.
وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە یارییەكانی دیكەی قۆناخی پاشكۆ بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بكرێت و سەرجەم شازدە یانەكە تەواو بكرێت.
كات و شوێنی تیروپشكەكە
تیروپشكەكە رۆژی هەینی 27مانگ كاتژمێر 14:00 بەكاتی هەولێر، لە بارەگای فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ’یوێفا’ لە شاری نیۆن دەكرێت.
سیستەمی تیروپشكەكە
هەشت یانەكەی كە راستەوخۆ گەیشتوونەتە قۆناخی شازدە رووبەڕووی ئەو هەشت یانەیە دەبنەوە كە لە قۆناخی پاشكۆ سەركەوتوون.
رووبەڕووبوونەوەكانی قۆناخی شازدە
| یانەكانی پاشكۆ | ئەو یانانەی راستەوخۆ سەركەوتوون |
| پاریس سانجێرمان/ مۆناكۆ | بارسێلۆنا/ چێڵسی |
| یوڤێنتوس/ گاڵاتاسەرای | لیڤەرپوول/ تۆتنهام |
| ریال مەدرید/ بێنفیكا | سپۆرتینگ/ مانچێستەر سیتی |
| بۆڕووسیا دۆرتموند/ ئاتاڵانتا | ئارسیناڵ/ بایرن میونشن |
| نیوكاسڵ یونایتد | چێڵسی/ بارسێلۆنا |
| ئاتلێتیكۆ مەدرید | تۆتنهام/ لیڤەرپوول |
| بۆدۆ گلیمت | مانچێستەر سیتی/ سپۆرتینگ |
| بایەر لیڤەركوزن | بایرن میونشن/ ئارسیناڵ |
رێكەوتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی قۆناخی شازدە
چاوەڕوان دەكرێت یارییەكانی چوونی قۆناخی شازدە لە رێكەوتی 10 و 11ی مانگی ئازار بكرێت و یارییەكانی گەڕانەوەش لە رێكەوتی 17و 18ی هەمان مانگ بكرێت.



