مەککینی بە مووچەی زیاتر لە یۆڤی دەمێنێتەوە

پێدەچێت داهاتووی وێستۆن مەککینی یەکلایی بووبێتەوە، چونکە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن لە ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە کە ئەو بەتەواوی ئامادەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ و باشتر لەگەڵ یانەی یۆڤێنتوس.
یۆڤێنتوس و مەککینی لەسەر گرێبەستێکی نوێ ڕێککەوتن
بڕیارە لە کۆتایی وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ گرێبەستی ئەم ئەستێرە ئەمریکیە کۆتایی بێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کۆتایی وەرزەکەدا بە گرێبەستێکی سەربەست (بێبەرامبەر) یانەکە جێبهێڵێت.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکانی وەک لاگازێتا دیلۆ سپۆرت و توتۆسپۆرت، هەردوولا ڕێککەوتنیان هەیە لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستێکی باشتر بۆ مەککینی، کە تا هاوینی ٢٠٣٠ بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژی سێشەممە، مەککینی لە گرێبەستە نوێیەکەیدا ساڵانە نزیکەی ٤ ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت.
توتۆسپۆرت باسی ئەوە دەکات کە لە ساڵی یەکەمی گرێبەستەکەیدا، یاریزانە ئەمریکییەکە بە پاداشتەکانیشەوە کەمێک زیاتر لە ٤ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، هەروەها لاگازێتا دیلۆ سپۆرتیش ئەوە زیاد دەکات کە مووچەکەی بە تێپەڕبوونی هەر ساڵێکی گرێبەستەکەی کەمێک زیاد دەکات.
یۆڤێنتوس هەفتەیەکی سەرقاڵی لەپێشە بە یارییەکانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خولی ئیتاڵی بەرامبەر بە گالاتاسەرای و ڕۆما، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژی سێشەممە، پێدەچێت ڕاگەیاندنی گرێبەستە نوێیەکەی مەککینی دوای یارییەکەی کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرامبەر بە جیاڵۆڕۆسی بڵاوبکرێتەوە.



