
یاریگا –
خوان لاپۆرتا دانی پێدادەنێت لیۆنێل مێسی لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر سڵاوی لێنەکردووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی کاتالوونیا، خوان لاپۆرتا دان بەوەدا دەنێت هێشتا پەیوەندی لەگەڵ لیۆنێل مێسی خراپە لەو کاتەوەی لە هاوینی 2021 یانەکەی جێهێشت. لاپۆرتا ئاشکرایکرد کە لە مەراسیمی باڵۆن دۆری 2023 لە پاریس، هەوڵیداوە سڵاو لە مێسی بکات، بەڵام یاریزانەکە تەوقەی لەگەڵ نەکردووە.
خوان لاپۆرتا دەڵێت:
پەیوەندییەکان لەگەڵ مێسی بەو شێوەیە نییە کە دەبوو ببێت. لە مەراسیمی باڵۆن رووداوێک روویدا، رۆیشتم سڵاوی لێبکەم و ئەو وای هەستکرد کە نابێت سڵاو لە یەکدی بکەین. لەو کاتەوە چەند پەیوەندییەک هەبووە و هیوادارین شتەکان لە داهاتوو بەرەوپێش بچن. پەیوەندییەکەمان کێشەی تێکەوتووە، بەڵام ئەو ئەفسانەیەکی بارسێلۆنایە.
لاپۆرتا باسی سەردانەکەی مێسیشی بۆ سپۆتیفای کامپ نۆو کرد، گوتی مێسی لە بارسێلۆنا بوو چونکە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەو نزیکانە یاریی دەکرد، ئەگەر مێسیش بیەوێت بێتە نێو یاریگاوە دەبێت هەمیشە رێگەی پێبدرێت.
لاپۆرتا لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوە کرد کە مێسی وەکوو یۆهان کرۆیف شایستەی پەیکەرێکە لە کامپ نۆو. گوتیشی مێسی شایستەی رێزلێنانە، کاتی نموونەییش ئەو کاتە دەبێت کە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە تەواو دەبێت و دەتوانێت زیاتر لە 100 هەزارە لەخۆ بگرێت.



