ئێمباپێ لەکوێیە؛ کاریگەرترین چەکی ریال مەدرید لەکارکەوتووە
دوو یارییە ئاستی سوپەر کیلیان نائومێدکەرە

یاریگا –
لەدوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی، ئاستی کیلیان ئێمباپێ بێهیوایی لای بەرپرسانی ریال مەدرید دروستکردووە.
بۆ یەکەم جار لەم وەرزە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی سوپەر کیلیان لە دابەزیندایە و کاریگەرییەکەی لەسەر ئەنجامەکانی ریال مەدرید دەردەکەوێت، بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاس، لۆس بلانکۆس لە ئاستی ئەم دواییەی یاریزانەکە نیگەرانە.
ریال مەدرید لە یارییەکانی گەڕی 25 بووە میوانی ئۆساسۆنا و تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو بوو 2-1، لەو یارییەدا کیلیان نەیتوانی گۆڵ بکات، هەرچەندە بەرپرسیارێتی شکستە بە تەواوەتی ناخرێتە ئەستۆی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بەڵام ئاستی یاریزانەکە پاشەکشێیەکی گەورەی کردووە و مێرەنگی چەکە بەهێزەکەی لەدەستداوە.

ئێمباپێ لە مانگی دیسێمبەر/ کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئەژنۆی چەپی تووشی پێکان هات، هەرچەندە ماوەیەکی زۆر دوورنەکەوتەوە و یاریی زۆری لەدەستنەچوو، بەڵام پێکانەکە بە هۆکاری دابەزینی ئاستی یاریزانەکە دادەنرێت. هەرچەندە لە بەرامبەر ریال سۆسیداد لە گەڕی 24ـی یارییەکانی لالیگا لەلایەن ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری یانەکە پشووی پێدرا و لەو یارییە بەشداریی نەکرد بەڵام یاریزانەکە هێشتا رێگای گۆڵی ونکردووە و دوو یارییە کەمترین جار قاچی بەر تۆپ کەوتووە، بە جۆرێک لە یارییەکەی بێنفیکا تەنیا 51 جار تۆپ لە قاچیدا بووە کە کەمترین رێژە بوو لەنێو ئەستێرەکانی یانەی شاهانە و پێنج شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد (تەنیا دووانیان ناوگۆڵی گرت)، لە یارییەکەی ئۆساسۆنا رێژەکە کەمتریش بووەتەوە، تەنیا 46 جار قاچی بەر تۆپ کەوتووە و تەنیا دوو شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد (تەنیا یەکێکیان ناوگۆڵی گرت).

ئێمباپێ ئەم وەرزە 38 گۆڵی بۆ ریال مەدرید کردووە، بەڵام ئاستی لەم ساتەوەختەی ئێستا بەرپرسانی یانەکەی نیگەران کردووە، چونکە یانەکە لە چامپیۆنزلیگ بە دۆخێکی هەستیار تێدەپەڕێت و لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پلەی ئۆف میوانداریی بێنفیکا دەکات، لە لالیگاش شەڕی بردنەوەی نازناوەکە لەگەڵ بارسێلۆنا دەکات.



