
یاریگا –
پاولۆ فۆنسێکا لەگەڵ لیۆن وەرزێکی ناوازە بەڕێدەکات و 13 بردنەوەی بەدوای یەکدا بەدەستهێناوە.
دوای بردنەوەی ژمارە 13 بەدوای یەکدا، فۆنسێکا لەگەڵ هاندەران ئاهەنگی گێڕا. لیۆن ئێستا لە پلەی سێیەمی لیگ 1 دێت و بۆ کورسییەکی چامپیۆنزلیگ دەجەنگێت. لە یۆرۆپالیگیش یەکەمی گروپەکەیان بوون و لە چارەکی کۆتایی جامی فەڕەنسان.
L’émotion de Paulo Fonseca face aux supporters 🥹
Quelle saison de l’OL et quelle saison de son coach portugais. #OLOGCN pic.twitter.com/KI9GaDfK0q
— L1+ (@ligue1plus) February 15, 2026
ئەم سەرکەوتنە سوپڕایزە چونکە هاوینی رابردوو لیۆن کێشەیەکی گەورەی دارایی هەبوو، دەسەڵاتی دارایی فەڕەنسیی یانەکەی بۆ لیگ 2 دابەزاند، بەڵام دوای تێهەڵچوونەوە بردنەوەیان بەدەستهێنا و لەژێر یاسای توندی دارایی لە لیگ 1 مانەوە. چەندین یاریزانی گرنگ رۆیشتن، لەنێوانیان رەیان شەرقی، لوکاس پێری، جۆرج میکاتادزێ و ئالێکساندەر لاکازێت.
فۆنسێکا تیمەکەی بە یاریزانی هەرزانتر و لاوتر بنیادنایەوە. لە ئەکادیمیاشەوە یاریزانی سەرخست و بە خواستن گرێبەستی لەگەڵ ئێندریک واژۆکرد. ئەو دەڵێت: “تیمێکی راستەقینەمان بنیادناوە بە یاریزانی بێفیز کە بەیەکەوە هەوڵی زۆر دەدەن.”
ساڵی رابردوو فۆنسێکا سزای 9 مانگ سڕکردنی بەسەردا سەپێنرا، دوای ئەوەی لە یارییەکدا بە توڕەییەوە رووبەڕووی بێنۆیت میلۆتی ناوبژیوان بووەوە. پاولۆ دەڵێت شایستەی سزایەکی هێندە قورس نەبووە، بەڵام قبووڵی دەکات و فێربووە و ئارامتر بێت. لە ماوەی سزاکەیدا ئەو نەیتوانی لە فەڕەنسا لەسەر هێڵی یاریگا بوەستێت و دەبوو لەنێو هاندەرانەوە سەیری یارییەکان بکات. یاریدەدەرەکانی و یاریزانە بە ئەزموونەکان یارمەتی بەڕێوەبردنی تیمەکەیان داوە.

پاولۆ فۆسێنکا دەڵێت:
ساتێکی سەخت بوو، شایستەی ئەم سزایە نەبووم و پێم وایە هەمووانیش هاوڕان. هەرگیز دەستم لە کەس نەداوە، هەرگیز نیازی وام نەبووە. تەنیا بەڕووی ناوبژیواندا هاوارم کرد، ئەمەش شتێکە لە هەموو هەفتەیەک، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو وڵاتێک روودەدات. ئەمە لە رابردوو بوو و نامەوێت زیاتر بیر لەمە بکەمەوە. تۆ ناتوانیت دژی هەندێک شت بجەنگیت و دەبێت فێربین لە هەندێک ساتی یارییدا زیاتر هاوسەنگ بین و هەوڵ دەدەم وا بکەم.
کاتێک لە ساتە گرنگەکان، لە ژووری خۆگۆڕین لە کۆتایی یارییەکان، لە نێوان گێمەکان لەگەڵ تیمەکەت نەبیت زۆر سەختە، بەڵام هەمووان لەو کاتەدا لەنێو یانەکە یارمەتیان دەدام و ئەوەش شتێکە هەرگیز لەبیری ناکەم. بەردەوامبووین لە ئەنجامە باشەکان بۆیە کاتەکە زۆر خێرا تێپەڕی.

پێش لیۆن، فۆنسێکا راهێنەری میلان بوو، بەڵام دوای 6 مانگ دەرکرا. ئەو پێی وابوو پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ گۆڕینی شێوازی تیمەکە. پاولۆ لە پۆرتوگالی، ئۆکراینا، ئیتاڵیا و فەڕەنساش راهێنەرایەتی کردووە. وەکوو خۆی دەڵێت ئەم ئەزموونانە یارمەتیان بەرەوپێشچوونیان داوە، بەتایبەت لەڕووی بەرگرییەوە.
فۆنسێکا باوەڕی وایە تۆپی پێ دەبێت چێژبەخش بێت، ئەو بە پێپ گواردیۆلا سەرسامە و پێی وایە ئەرکی راهێنەرەکانە کە یاریی چێژبەخش پێشکەشی هاندەران بکەن.
ئێستا لیۆن لە سێ پاڵەوانییەتی رکابەری دەکات و فۆنسێکاش باوەڕی وایە ئەم وەرزە دەتوانن شتێکی تایبەت بەدەست بهێنن.




