
یاریگا –
ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پێش یاریی بەرامبەر ئینتراخت فرانکفۆرت گۆڕی بۆ سەکۆیەک بۆ بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان.
کۆمپانی زۆربەی کاتی کۆنگرەکەی تەرخان کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو رەگەزپەرستییەی لە جیهانی تۆپی پێدا هەیە، بەتایبەت دوای رووداوەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
هێرش بۆ سەر مۆرینیۆ؛ “شکست لە سەرکردایەتیدا”
کۆمپانی کە یەکێکە لە دیارترین راهێنەرە پێست رەشەکانی ئێستا، بۆ ماوەی 12 خولەک بەردەوام بوو لە رەخنەگرتن لە جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا.
مۆرینیۆ دوای یارییەکەی ریاڵ مەدرید و بێنفیکا، ڤینیسیۆسی تۆمەتبار کردبوو بەوەی هاندەرانی بێزار کردووە، بەڵام کۆمپانی ئەم قسانەی مۆرینیۆی بە هەڵەیەکی کوشندە لە سەرکردایەتیکردن ناوبرد.
پاساوەکەی مۆرینیۆ و وەڵامە توندەکەی کۆمپانی
مۆرینیۆ بۆ بەرگریکردن لە یانەکەی، ناوی ئەفسانە ئۆزیبیۆی هێنابووەوە و گوتبووی،
“بێنفیکا ناتوانێت رەگەزپەرست بێت، چونکە باشترین یاریزانی مێژووی پیاوێکی ڕەش پێست بووە.”
کۆمپانی لە وەڵامدا گوتی،
“من بڕیار لەسەر کەسایەتی مۆرینیۆ نادەم، بەڵام بەکارهێنانی ناوی ئۆزیبیۆ بۆ داپۆشینی رەگەزپەرستی هەڵەیەکی گەورەیە. هیوادارم لە داهاتوودا شتی وا دووبارە نەبێتەوە.”
باوەڕبوون بە ڤینیسیۆس
کۆمپانی کە خۆی وەک یاریزان و راهێنەریش رووبەڕووی سوکایەتی رەگەزی بووەتەوە، دەڵێت،
“کاتێک سەیری رووداوەکە دەکەیت، ناتوانیت گومان لە راستگۆیی کاردانەوەکانی ڤینیسیۆس بکەیت، ئەو بە سۆزەوە قسە دەکات و هیچ سوودێکی تێدا نییە بچێتە لای ناوبژیوان و ئەو هەموو ئازارە بچێژێت، ئەگەر شتەکە راست نەبێت. ئەو تەنیا لەبەر ئەوە وای کرد چونکە هەستی دەکرد ئەوە کارە راستەکەیە.”
پەیامێک بۆ جیهانی تۆپی پێ
ڕاهێنەرە بەلجیکییەکە داوای کرد کە لە کاتی هەڵەدا بوێری داوای لێبووردن هەبێت و گوتی،
“ئەگەر یاریزانەکەی بێنفیکا هەڵەی کردووە، خۆزگە دەرگایەک هەبووایە بۆ داوای لێبووردن. کەس لە هەڵە بەدوور نییە، بەڵام ئێمە خۆمان لەو بژاردەیە بێبەش کردووە و هەموو شتێکمان کردووە بە رەش و سپی.”



