
یاریگا –
لە یارییەکی گرینگدا نەورۆز لە یاریگای خۆی میوانداری نەجەف دەکات، راهێنەری سوورپۆشەکانیش باسی قورسی ئەم یارییە دەکات.
لە گەڕی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەینی ( 20ـی شووباتی 2026 ) نەورۆز لە یاریگای خۆی کاتژمێر 9ـی شەو میوانداری نەجەف دەکات، هەر دوو یانە لە مێژوودا شەش یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە چوار یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یەک یارییشدا یەکسان بوونە و نەجەفیش لە یارییەک براوە بووە.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەڵێت لەم یارییە تووشی ئاستەنگی دەبینەوە، دەربارەی ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ یارییەکە راهێنەری سوور پۆشەکانی سلێمانی گووتی:
نەجەف یانەیەکی جەماوەرییە بەڵام بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت، وەک چۆن ئێمەش لەو دۆخەدابووین کە ئەویش ناوچەی دابەزینە، بۆیە لەم یارییە تووشی ئاستەنگی دەبینەوە و ئاسان نابێت بۆ ئێمە، یاریزانەکان ئامادەن و ئامانجمان سێ خاڵی یاڕییەکەیە، نابێ بە هیچ شێوەیەک خاڵ لە یاریگای خۆمان لەدەست بدەین، دەبێ وریابن تووشی ئەنجامی چاوەڕوان نەکراو نەبین.
نەورۆز 19 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 15ـی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یارییەکی قورسدا رووبەڕووی دهۆک دەبێتەوە، نەجەف 10 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



