
یاریگا –
شەوی رابردوو لە یارییەکانی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید بووە میوانی بێنفیکا و بە ئەنجامی گۆڵێکێ بێوەڵام یارییەکەی لە خاوەن ماڵ بردەوە.
تاکە گۆڵەکەی ریال مەدرید لەلایەن ڤینیسیۆس جونیۆر لە خولەکی 50 کرا، لە دوای گۆڵەکە لەبەردەم هاندەران سەما و ئاهەنگگێڕانێکی جیاوازی کرد. بەهۆی ئەو ئاهەنگگێڕانەوە ئاڵۆزی دروستبوو و بۆ ماوەیەک یارییەکە راگیرا.
ئاڵۆزییەکان زیاتر پەرەیانسەند کاتێک جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکا، درێسی لەسەر دەمی دانا و چەند قسەیەکی رەگەزپەرستانەی بە ڤینیسیۆس گوت.

ریۆ فێردیناند، ئەفسانەی پێشووی مانچێستەر یونایتد، دێتە دەنگ و بەرگریی لە ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەکات، هەروەها دەڵێت پێویستە بەرپرسانی تۆپی پێ سزای قورس بەسەر رەگەزپەرستان بدەن و رێکاریی تووندیان لە دژ بگیرێت.
چۆن دەکرێت لە ساڵی 2026 دابنیشین و قسە لەسەر رەگەزپەرستی بکەین؟ رەگەزپەرستی قبووڵکراو نییە، ناکرێت لەبەر ئاهەنگێڕانێک یاریزانان جنێویان پێ بدرێت، چۆن دەکرێت یاریزانان نەتوانن بە شێوازی خۆیان ئاهەنگبگێڕن، یاریزانان خەون بە ئاهەنگگێڕان لەبەردەم هاندەران دەبینن.
تێناگەم چۆن هەوڵدەدەین پاساو بۆ رەفتاری خراپی کەسانێک بهێنینەوە، پاساو بۆ نەفامی و گێلێتییان بهێنینەوە؟ ڤینی گۆڵێکی سەرسووڕهێنەری کردووە بۆچی نابێت ئاهەنگ بگێڕێت.
پێویستە ئەم جرجە بچووکانەی قسەی رەگەزپەرستی دەکەن سزا بدرێت، سەرکۆنە بکرێن، نابێت بپارێزرێن، چونکە ئاهەنگگێڕان بەشێکە لە یارییەکە، خەڵک تۆپی پێ بە یارییەکی جوان ناودەبات، چونکە خۆی یارییەکی جوانە، بەڵام کەسانێک بەو شتانە جوانییەکی تۆپی پێ لەناودەبەن.
من بۆیە کامیرۆن و نایجێریا دەناسم، چونکە هاندەرانیان پاڵپشتییەکی گەورەی تیپەکانیان دەکەن، چێژیان لێ دەبینم و خەندە دەخەنە سەر لێوەکانم.



