
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە قۆناخێكی هەستیاری وەرزەكەدایە و چەندین كێشە لە ناو یانەكەدا سەرهەڵدەدەن، لە داهاتووی هێرشبەرە سەرەكییەكەی، تا دەگاتە كێشە تاكتیكیەكانی ناو یاریگا و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یانەكە.
لە دوای شكستە سەختەكەیان بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید لە قۆناخی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا چەندین كێشە لە ناوخۆی یانە كاتالوونییەكەدا سەرهەڵدەدەن.
رۆژنامەی سپۆرت لە بابەتێكیدا تیشكی خستووەتە سەر كێشەكانی یانەكە.
1- رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی و بڕیاری كۆتایی
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، ئەستێرە و گۆڵكاری بارسێلۆنا چاوەڕواندەكرێت لە مانگی نیساندا بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.
لیڤاندۆڤسكی و خێزانەكەی بە ژیان لە بارسێلۆنا زۆر دڵخۆشن، بەڵام دەزانن گرێبەستێكی نوێ لە یانەكە مسۆگەر نییە و هەموو ئەگەرەكان كراوەن.
2- كێشەی بەرگریكاری باڵەكان
لە ناوخۆی یانەكەدا دۆخی بەرگریكارانی باڵەكان بووەتە مایەی نیگەرانییەكی قوڵ، ئەو پێگەیە بە یەكێک لە خاڵە لاوازەكانی ئەم وەرزەی تیمەكەی هانزی فلیک دادەنرێت.
ئالیخاندرۆ بالدێ وەكو یاریزانێكی درێژخایەن لە داهاتووی یانەكە و پڕۆژەی یانەكەدا سەیردەكرێت و هیوای زۆری لەسەر هەڵچنراوە، بەڵام كارگێری و ستافی یانەكە چاوەڕوانی ئاستێكی بەرزتر دەكەن لەوەی یاریزانەكە ئێستا پێشكەشی دەكات.
3- هانزی فلیک و هەڵبژاردنەكان
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا تووشی سەرسوڕمان بووە لەوەی كە بۆچی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی یانەكە لە ناوەڕاستی وەرزدا دەكرێت.
پەیوەندییەكانی لەگەڵ خوان لاپۆرتا و دێكۆ زۆر باشە بەڵام پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە لەو كاتەدا بۆ راهێنەرەكە جێگای پرسیارە.
4- دروشمی لاپۆرتا ’ بەرگری لە بارسا بكەن ’
خوان لاپۆرتا بەفەرمی خۆی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی بارسێلۆنا ئامادەدەكات، دروشمی نوێی كەمپینەكەی بریتیە لە ” بەرگری لە بارسا بكەن ”.
چاوەڕواندەكرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو لاپۆرتا بەفەرمی وردەكارییەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی بخاتە روو



