
یاریگا –
لەدوای شکستە قورسەکەیان بە چوار گۆڵی بێ وەڵام بە ئاتلێتیکۆ مەدریدی خاوەن ماڵ لە یاریی چوونی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا. هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا رەخنەی ئێجگار توند لە ئاستی ناوبژیوان و تەنانەت دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانە مەدریدیەکەش گرت.
هەر چوار گۆڵەکەی ئاتلێتیکۆ لە گێمی یەکەمدا تۆمارکرا، بەجۆرێک کوڕانی فلیک لەو گێمەدا حەپەسابوون، خۆشی لە گێمی دووەمدا کە بە گێمی راهێنەران دەناسرێتەوە، دەستەوەستان بوو بۆ گەڕانەوە بۆ کەشی یارییەکە.
رەخنەکانی ئەو راهێنەرە ئەڵمانیە لە ئاستی ناوبژیوان توند بوون، ئەوە جیا لە سروشتی هەمیشەیی خۆی کە زۆرجار خۆی نادات لە بڕیارە دادوەرییەکان. هاکات ناڕاستەوخۆ باسی لە شێوازی یاریکردنی سیمیۆنی گرت و وتی
هەمووان هەر لە یەکەم خولەکەوە ناوبژیوانییەکەتان دەبینی. نە فاوڵمان بۆ دەگیرا، نە کارتی زەردی پێدەدان. ناوبژیوان رێگەی دەدان بە ویستی خۆیان لێمان بدەن. ئێ بێ گومان سیمیۆنیش کە دەبینێ رێگەیان پێدراوە هەمووشتێک بکەن، بۆیە یاریزانەکانی ئاڕاستە دەکات بەو شێوەیە یاریمان لەگەڵ بکەن. ئەوەی روودەدات زۆر خراپە. ناوبژیوانیکردنی لالیگا زۆر خراپە.
لەبارەی حاڵەتی ئۆفسایدەکەشەوە کە گۆڵێکی بارسای رەتکردەوە، فلیک وتی
وێرانەیە، ناوبژیوانیی لە لالیگا وێرانەیە. لای منەوە ئۆفساید بوو، دواتر هیچ ئۆفساید نەبوو. ئێ ئەوجا چیانکرد؟ 7 خولەکیان پێچوو تا تەماشای بکەنەوە؟ دەیانویست شتێک بدۆزنەوە. شتێک بۆ رەتکردنەوەی گۆڵەکە.



