پیشەسازى چارەنووسى راهێنەرەکەى یەکلاکردەوە و راگەیەنراوێکیشى بڵاوکردەوە
پیشەسازى بەردەوام دەبێت لە خولى نایابى کوردستان ؟

یاریگا –
یانەى پیشەسازى چارەنووسى راهێنەرەکەى یەکلاکردەوە و راگەیەنراوێکیشى دەربارەى کشانەوەى لە خولى نایابى کوردستان یاخود بەردەوام بوون بڵاوکردەوە.
دواى وەستانى مەشق و راهێنانى یانەکە بۆ ماوەى چوار رۆژ بە هۆى قەیرانى دارایى، پیشەسازى ئەمڕۆ ( 12ـى شووباتى 2026 ) جارێکى ديكە تیپەکە دەستى بە مەشق کردەوە، کارگێڕى یانەکەش بڕیاریاندا نامەى دەست لەکارکێشانەوەى مەولود رەمەزان راهێنەرى تیپەکە رەتبکەنەوە و بەردەوام بێت لەگەڵ پیشەسازى، بە گوێرەى راگەیەنراوى یانەکە بەڵێنى چارەسەرکردنى کێشە داراییەکان بە یانەکە دراوە بۆیە لە خولى نایابى کوردستان بەردەوام دەبن.
پیشەسازى لە دۆخێکى خراپدایە و هەروەک لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە ئەم وەرزە بۆ مانەوە یاریى دەکەن، دواى تێپەڕبوونى 14 گەڕ لە یارییەکانى پیشەسازى بە 12 خاڵى کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندى 11ـى خولى نایابى کوردستان دێت، یاریى داهاتووش لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەرامبەر رانیە یاریى دەکات.



