
یاریگا –
یانەی زاخۆ بە فەرمی کۆتایی بە مشتومڕەکان هێنا و ئەندازیاری تۆپی پێی عێراق، ئەیوب ئۆدیشۆ، وەک راهێنەری نوێی تیپی تۆپی پێی یانەکە دیاریکرد بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا سەرپەرشتی تیپەکە بکات.
راگەیاندنی فەرمی
کەمێک پێش ئێستا، یانهی زاخۆ ئەیوب ئۆدیشۆی وەک شوێنگرەوەی وسام رزق راگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی یاریگا، ئەرکە نوێیەکەی ئۆدیشۆ دەستبەجێ دەستپێدەکات و لە یاریی داهاتووی دێربیی کوردستان بەرامبەر یانەی هەولێر، بۆ یەکەمجار لەسەر کورسیی یەدەگی زاخۆ دەردەکەوێت و سەرپەرشتی یانەکە دەکات.
یاریگا پێشوەختە ئاشکرای کردبوو
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا وەک یەکەم سەرچاوە زانیاریی وردی بڵاوکردبووەوە کە یانەی زاخۆ لەگەڵ ئۆدیشۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات، ئەوەی ئەمڕۆ راگەیەندرا پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی یاریگا بوو.
راهێنەرێکی مێژوویی
ئەیوب ئۆدیشۆی 65 ساڵ، خاوەنی مێژووییەکی پڕشنگدارە و بە یەکێک لە باشترین راهێنەرانی عێراق دادەنرێت. ئەو تاکە راهێنەرە کە توانیویەتی چوار جار نازناوی خولی عێراق بباتەوە و لەگەڵ هەر سێ جەمسەرە گەورەکەی بەغدا (زەورا، قوە جەوییە)، تەڵەبە نازناوەکەی بەرزکردۆتەوە.
زاخۆ دەیەوێت بە هێنانی ئۆدیشۆ، لە جامی یانەکانی کەنداو و خولی ئەستێرەکانی عێراقدا رکابەرییەکی بەهێز بکات.


