
یاریگا –
رۆناڵد ئاراوخۆ دان بەوە دادەنێت ماوەیەکی زۆر بە دڵەڕاوکێیەوە یاریی کردووە تاوەکوو لە کۆتاییدا تووشی خەمۆکی کردووە.
ئاراوخۆ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی ماوەی ساڵ و نیوێک تووشی بارودۆخێکی سەختی دەروونی بووە بەڵام بەردەوام بووە لە یاریکردن بۆ یانەی بارسێلۆنا و ستایشی یانەکەی دەکات لەپای پاڵپشتیان، رایدەگەیەنێت ئێستازۆر گۆڕاوە چونکە زۆر شت لەو ماوەیە فێربووە و هەست بە دڵخۆشی دەکات.
بەشێک لە قسەکانی کاپتنەکەی بارسێلۆنا لە چاوپێکەوتنەکە:
کارتە سوورەکەی نێو ستامفۆردبریج ئەوەندە کێشە بوو تاوەکوو لە یاریکردن داببڕێیت؟
نەخێر، کۆمەڵێک شتی دیکە هەبوو، ماوەیەکی زۆر بوو هەستم بە باشی نەدەکرد، لەوانەیە ساڵ و نیوێک بووبێت، هەوڵم دەدا بەهێز بم بەڵام هەستم دەکرد شتێکی راست ناکەم، تەنیا لە رووی وەرزشییەوە نا، لە رووی خێزانی و دۆخی تایبەتی خۆشمەوە، هەستم بە خۆم نەدەکرد، بەڵام کاتێک کارتە سوورەکەم وەگرت، هەستم کرد شتێک روودەدات، پێویستە داوای یارمەتی بکەم.
ئەوکات بیرت لەوە کردەوە واز لە تۆپی پێ بهێنیت؟
نەخێر، بیرم لە وازهێنان لە یاریکردن نەکردووە، بەڵام بیر لە زۆر شت دەکەیتەوە و هەستم بە خۆم نەدەکرد، تەنانەت ئەگەر یاریزانی پیشەگەریش نەبم واز لە یاریکردن ناهێنم، لە ماڵەوە یان لەگەڵ هاوڕێکانم یاریی دەکەم.
کەی بارودۆخەکەت بە هانزی فلیک، دیکۆ و خوان لاپۆرتا گوت؟
یانەکە هەر لە سەرەتاوە لە دۆخەکە تێگەیشت و هەموو شتێکیان بۆ کردم کە پێویستم بوو.
ژووری جلگۆڕینی یانەکەت چ رۆڵێکیان لەو بابەتەدا هەبوو؟
لەدوای بڕیاری دوورکەوتنەوەم لە یاریکردن، رۆژانێکی زۆر سەختم بەڕێکرد، حەزم نەدەکرد لە جێگاکەم بێمە دەرەوە، دەستبەجێ یاریزانانی هاوڕێم پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕیم.
رەخنەکانی سۆشیاڵ میدیا چ کاریگەرییەکیان لەسەر دۆخت هەبوو؟
رەنگە خەڵکی راستەوخۆ دەستیان پێت نەگات بەڵام لە رێی خێزانەکەتەوە دەستیان پێت دەگات، لەبیرمە رۆژێک هاوژینەکەم دوای سەیرکردنی مۆبایلەکەی لەپڕ دەستی بە گریان کرد، پرسیم چی بووە، گوتی تێناگەم مرۆڤەکان بۆ هێندە دڕندەن، هیوای مردن بۆ کچەکەمان دەخوازن.
رکابەریتان لەگەڵ ریال مەدرید لەسەر نازناوی لالیگا چۆن دەبینیت؟
تاوەکوو کۆتایی خول زۆر قورس دەبێت، هەموو یارییەک وەکوو یاریی کۆتایی دەبێت، تەنیا یەک خاڵ لەپێشەوەین، پێەیستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین.
خەونی گەورەت چییە؟ بارسێلۆنا رکابەرێکی راستەقینەی چامپیۆنزلیگە؟
بێگومان خەونمان بردنەوەی چامپیۆنزلیگە، ئێمە بارساین، هەمیشە بڕوامان وایە دەتوانین نازناوەکە ببەینەوە.



