
یاریگا –
بارسێلۆنا رووبەڕووی قۆناخێکی هەستیار و چارەنوسساز دەبێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە هەڕەشە لەسەر داهاتووی دیکۆ و هانزی فلیک دروستدەکەن.
ڤیکتۆر فۆنت، رکابەری سەرەکی خوان لاپۆرتا بۆ پۆستی سەرۆکی یانەکە، بە ئاشکرا ئەوەی خسووەتەڕوو کە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت گۆڕانکاریی گەورە لەنێو یانەکە دەکات، سەرەکیترینیان دوورخستنەوەی دیکۆیە لە بەڕێوبەرەی وەرزشی بارسێلۆنا.
دیکۆ بەڕێوبەری وەرزشی من نابێت، ئێمە پێکهاتەیەک دروستدەکەین تەواو لەگەڵ هانزی فلیک بگونجێت، ئێستا ناتوانین ناوەکان رابگەیەنین.

رەخنەکانی ڤیکتۆر فۆنت لە دیکۆ چین؟
ڤیکتۆر چەندین رەخنە لە دیکۆ دەگرێت و پێیوایە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی یاریزانان نەکردووە، بەتایبەت گواستنەوەی ڤیکتۆر رۆکی، کە بلوگرانا 30 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە خەرجکرد و دواتر بە خواستن رووی لە ریال بێتیس کرد.
یەکێکی دیکە لە رەخنەکانی فۆنت لە دیکۆ، فرۆشتنی ئینیگۆ مارتینێزە، کە بەخۆڕایی رووی لە خولی سعوودی کرد و پێیوایە رۆیشتنی بەرگریکارە ئیسپانییەکە هێڵی بەرگریی بارسێلۆنای لاوازکردووە.
هەڵوێستی هانزی فلیک لەسەر دیکۆ
سەرەڕای رەخنەکان، فلیک بەرگریی لە دیکۆ دەکات و ستایشی پەیوەندییە پیشەییەکانی دەکات.
زۆر دڵخۆشم لەگەڵ دیکۆ، ئێمە متانەمان بە یەکتر هەیە و هەمان فەلسەفەمان هەیە.

داهاتووی هانزی فلیک لەگەڵ بارسێلۆنا
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام داهاتووی پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر لاپۆرتا سەرکەوتن بەدەستنەهێنێت، زۆر ئەستەمە فلیک لە راهێنەرایەتی یانەکە بەردەوام بێت، هەرچەندە فۆنت ئارەزووی بۆ هێشتنەوەی ناوبراو دەربڕیوە، بەڵام رەنگە بەهۆی دوورخستنەوەی دیکۆ، فلیک بڕیاری وازهێنان لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی بدات.



