
یاریگا –
یانەی ئارسیناڵ لە بەیاننامەیەکدا وردەکاریی پێکانەکەی مێرینۆ بڵاودەکاتەوە و پێشبینی دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ دەکرێت.
مێرینۆ لە یاریی بەرامبەر یانەی مانچێستەر یونایتد تووشی پێکان هات و بە ناچاری گۆڕانکاری پێکرا، دواتر لە گەڕی 24ـی یارییەکانی پرێمەرلیگ بەرامبەر یانەی لیدز یونایتد بانگێشت نەکرا.
شەوی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا یانەکە رایگەیاند، ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە ئێسکی قاچی راستی شکاوە و پێشبینیدەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر داببڕێت.
Medical update: Mikel Merino
— Arsenal (@Arsenal) February 1, 2026
هەر لە بەیاننامەکەدا گەنەرز رایگەیاند، لە رۆژانی ئایندەدا نەشتەرگەری بۆ مێرینۆ دەکرێت و دەست بە قۆناخی چاکبوونەوەی دەکرێت.
هاوکات تۆڕی ئاتلێتیک ئاماژە بەوە دەکات ئارسیناڵ دەیەوێت بۆ ماوەیەکی کورتخایەن و بە خواستن یاریزانێک وەک شوێنگرەوەی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە بگوازێتەوە، چونکە ئەگەر هەیە تەواوی وەرزەکە نەگەڕێتەوە یاریکردن، ئەمەش گورزێکی گەورە لە یانە لەندەنییەکە دەدات بەوپێیەی ناوبراو یاریزانێکە دەتوانێت لە چەند هێڵدا یاریی بکات لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان شەش گۆڵ و سێ ئەسیستی کردووە.



