داهاتووی مارکوس راشفۆرد لەنێوان بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد یەکلاییدەبێتەوە

یاریگا –
هانزی فلیک پاڵپشتی لە مارکوس راشفۆرد دەکات و نایەوێت بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، مایکل کاریک، راهێنەری مانچێستەر یونایتد ئەگەر لە وەرزی نوێ وەکوو راهێنەری یانەکە بمێنێتەوە ئەوا هەوڵی گەڕاندنەوەی مارکس راشفۆرد، هێرشبەری ئینگلیزی دەدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە راشفۆرد لە بارسێلۆنا ژیانی بەتەواوی گۆڕاوە، ئێستا زۆر دڵخۆشە و هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر دەکات و لەڕووی دەروونییەوە بەتەواوی گۆڕاوە.
راشفۆرد پێیوایە کاتێک لە مانچێستەر یونایتد هەموو شکست و هەڵەکان دەخرانە ئەستۆی ئەو، بەڵام لە بارسێلۆنا ئەو فشارە زۆری لەسەر نییە و یانەکە پاڵپشتییەکی تەواوی دەکات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هانزی فلیک زۆر بە ئاستی مارکوس دڵخۆشە و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت پارێزگاری لێبکات.
بارسێلۆنا دەتوانێت لە هاوینی داهاتوو بەبڕی 26 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی راشفۆرد بکاتە هەمیشەیی، کاتالوونیەکان بەو مەرجە دڵخۆشن و بەنیازن گرێبەستەکە بکەنە هەمیشەیی، بۆیە قورسە راشفۆرد بگەڕێتەوە مان یونایتد.
راشفۆرد لەم وەرزە لە 31 یاریی بەشداریی 21 گۆڵی کردووە، 9 گۆڵی کردووە و 12 گۆڵی دروستکردووە.



