لیڤەرپووڵ ئۆفەرێکی 100 ملیۆن یۆریی بۆ ئەستێرەیەکی بۆندسلیگا ئامادە دەکات
رێدز جێگرەوەی محەمەد سەڵاح دیاریدەکات

یاریگا –
یانەی لیڤەرپووڵ ئارەزووی گواستنەوەی یان دیۆماندێ، هێرشبەری یانەی لایپزیگ دەکات.
ماڵپەڕی کاوت ئۆفساید لە زاری چاوە نزیکەکانی بریکاری یاریزانەکە ئاشکرایکردووە، لیڤەرپووڵ خواستێکی زۆری بۆ گواستنەوەی دیۆماندێ هەیە، لەو پێناوەدا ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆ لەو گرێبەستەدا خەرجبکات.
ئەستێرە 19 ساڵانییەکە لەم وەرزەدا بەشداریی لە 18 یاریدا کردووە، حەوت گۆڵی کردووە و چوار ئەسیستی دروستکردووە، بەوەش جگە لە لیڤەرپووڵ سەرنجی یانە گەورەکانی دیکەی وەک ئارسیناڵ، پاریس سان جێرمان، چێڵسی و بایرن موینشنی بۆ خۆی راکێشاوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، لەو پێشبڕکێیەدا رێدز لەپێشترین یانەیە و یاریزانە کۆتیڤوارییەکەی وەک جێگرەوەی محەمەد سەڵاح دیاریکردووە، بەرپرسانی یانەکە پێیانوایە لەگەڵ سیستەمی یاریکردنی یانەکەیان دەگونجێت، هەروەها یاریزانەکەش ئارەزووی یاریکردن لە ئانفێڵد دەکات.
سەرچاوەکە دەشڵێت، یانەی ئارسیناڵ چاودێری دۆخی هێرشبەرەکە دەکات و لە ئەگەری دەستبەرداربوون لە گابرێیل مارتینێلی هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی دیۆماندێ دەستپێدەکەن.
لەکۆتاییدا سەرچاوەکە ئەوەی خستووتەڕوو کە یانەی لاپزیگ ئامادەنییە لە گواستنەوەی زستانەدا دەستبەرداری هێرشبەرەکەی بێت، هەروەها تەنیا بیر لەو گرێبەستانە دەکاتەوە کە لە 100 ملیۆن یۆرۆوە دەستپێدەکەن.



