
یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد گرێبەستێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی روبن نێڤێس، ناوەڕاستکاری پۆرتووگالی پێشکەش بە یانەی هیلالی سعوودی دەکات.
نێڤێس لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هیلال بەسەردەچێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فیچاخێس، مان یونایتد گرێبەستی فەرمی بۆ گواستنەوەی نێڤێس ئامادەکردووە و بڕەکەی نزیکەی 23 ملیۆن یۆرۆیە. شەیتانە سوورەکان پێیانوایە نێڤێس کێشەکانی ناوەڕاست چارەسەردەکات، چونکە یاریزانێکی بەئەزموونە بەتایبەت لە پرێمەرلیگ، دەتوانێت سەرکردایەتی تیپەکە بکات و هاوسەنگی رابگرێت، هەروەها هێڵی ناوەڕاستی تیپە بە تەواوەتی نوێدەکاتەوە.

سەرچاوەکە دەشڵێت، نێڤێس ئامادەیە سعوودیە بەجێبهێڵێت، گەڕانەوەی بۆ پرێمەرلیگ هەنگاوێکی گەورەیە و زیندووکردنەوەی کاروانی یاریکردنیەتی، بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت ببێتە کەسایەتییەکی سەرەکی ئۆڵدترافۆرد. چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو مان یونایتد هەنگاوی فەرمی بۆ ئەو مەبەستە بنێت و گواستنەوەکە ئەنجامبدرێت.
نێڤێس لە ساڵی 2023 ریزەکانی وۆڵڤزی بەجێهێشت و رووی لە هیلال کرد، لە کۆی 103 بەشداری، 12 گۆڵی کردووە و 25 ئەسیستی دروستکردووە.



