
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا یەکەمین یاریی خۆی لە بێرنابیۆ ئەنجامدا و توانی 2-0 سەرکەوتن بەسەر لێڤانتی مسۆگەر بکات.
لۆس بلانکۆس بەهۆی ئەنجامە خراپییەکانی ئەم دواییەی رووبەڕووی شەپۆلێکی رەخنەی هاندەرانی یانەکە بووەتەوە، بەتایبەت هاندەرانی بێرنابیۆ، لەو یارییەدا هاندەران فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ چەند یاریزانێک و لە سەرووی هەموویانەوە؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆۆکی یانەکە لێدا. دوای یارییەکە ئاربێلوا بەم جۆرە باسی لە رەخنەکانی و فیکەی هاندەران کرد؛
دەزانم رەخنەکان لەکوێوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوان ئامانجیان فلۆرێنتینۆ پێرێز نییە، رەخنەکان هی ئەوانەن کە بەڕاستی ریال مەدریدیان خۆشناوێت
ئاربێلوا ئەوەشی گوت کە رەخنە بەشێکە لە کلتووری یانەکە و یاریزانەکان تەواو لەو چاوەڕوانییە تێدەگەن کە لێیان دەکرێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئاربێلوا ستایشی ئەستێرەکانی کرد، بەتایبەت ڤینیسیۆس جونیۆر و بەڵێنیدا کە بیگەڕێنێتەوە باشترین ئاستی خۆی، هەروەها ستایشی ئێمباپێ، بێلینگهام و هاوسنی کرد لەپای کوالێتی و توانای سەرکردایەتیکردنیان.

دواتر راهێنەرە ئیسپانییەکە دانی بەوەدانا کە پێویستە لە زۆر هێڵدا زیاتر خۆیان بەرەوپێشببەن؛
ئەمڕۆ ناچاربووین خێراتر تۆپ بگوازینەوە و بە تۆپەوە خێراتر رابکەین، ئەو شێوازە بەرگرییەی لێڤانتی، لە زۆربەی یارییەکاندا دووبارە دەبێتەوە، ئەگەر بمانەوێت ئازاری ئەو جۆرە تیپانە بدەین دەبێت خێراتر یاریی بکەین.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئاربێلوا باسی لە یەکەم یاریی خۆی وەک راهێنەر لە بێرنابیۆ کرد و گوتی؛
گەڕانەوە بۆ بێرنابیۆ و هاوکات لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونم، جیاوازی دروستدەکات، لێرەبوون لەگەڵ ئەو هاندەرانی ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان بووم، هەستێکی لەیادنەکراوم پێدەبەخشێت.



